لە ڕانیە بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک چوار کەس گیانیان لەدەست دا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو، پێنج سەرنشینەکە ئەندامانی یەک خێزانن.
عەلی عەبدوڵا ئیسماعیل، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی ڕاپەڕین بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە نزیک دەربەندی ڕانیە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا کامری) وەرگەڕا، کە خێزانێکی 5 کەسی سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بوون.
وتەبێژی هاتوچۆی ڕاپەڕین گوتی: "لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا دایکێک و سێ منداڵ گیانیان لەدەست داوە و باوکەکەش بریندار بووە". ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لە منداڵەکان کە تەمەنی 4 ساڵان بووە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە.
لەبارەی هۆکاری ڕووداوەکە، عەلی عەبدوڵا ئاشکرای کرد، بەهۆی تیژڕەوی و پابەندنەبوون بە ڕینماییەکانەوە بووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.