مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا، گۆڕانکارییەکی گەورەی لە ستافی سەرکردایەتی ئەپڵیکەیشنی "واتسئاپ" ڕاگەیاند. ویڵ کاسکارت، کە بۆ ماوەی 7 ساڵ سەرۆکایەتی واتسئاپ و گەشەپێدانی ئەپەکەی دەکرد، پۆستەکەی جێدەهێڵێت.
زوکەربێرگ ستایشی ڕۆڵی کاسکارتی کرد و وەک یەکێک لە سەرکردە هەرە گرنگ و کاریگەرەکانی مێتا وەسفی کرد. لە سەردەمی ئەودا واتسئاپ توانی بگاتە زیاتر لە 3 ملیار بەکارهێنەر و گۆڕانکاری گەورە لە پاراستنی تایبەتمەندییەکانی بەکارهێنەراندا بکات. بڕیارە کاسکارت لە ناو کۆمپانیای مێتا بمێنێتەوە و لە پۆستێکی نوێدا کار لەسەر دروستکردنی بەرهەم و پڕۆژەی تەکنەلۆژیی نوێ بکات.
لە هەمان کاتدا، زوکەربێرگ ڕایگەیاند کە "کووناڵ شا" (Kunal Shah) وەک سەرۆکی نوێی واتسئەپ دەستنیشان کراوە. کووناڵ پێشتر دامەزرێنەری کۆمپانیای "CRED" بووە، کە یەکێکە لە کۆمپانیا تەکنەلۆژییە هەرە دیارەکانی وڵاتی هیندستان.
زوکەربێرگ لەبارەی سەرۆکە نوێیەکەوە وتی: "کووناڵ خاوەن عەقڵیەتێکی بونیادنەر و دیدگایەکی جیهانییە، ئەمەش هاوکاری دەبێت لە بەڕێوەبردنی گەورەترین ئەپڵیکەیشنی نامەگۆڕینەوە لە جیهاندا." ئاماژەی بەوەش کرد کە پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی واتسئاپ بکەنە باشترین سەکۆ بۆ خزمەتکردنی ملیاران مرۆڤ و ملیۆنان پڕۆژەی بازرگانی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.