وەك ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هەڕەشە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە شاندی دانوستانکاری ئێران شوێنی کۆبوونەوەکانیان لە هاوینەهەواری بورگێنشتاک لە سویسرا جێهێشت.
ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێرانی بڵاوی کردەوە، شاندی تاران بە فەرمی لایەنی ئەمریکییان لە ناڕەزایەتییەكانی خۆیان ئاگادار کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە هەڕەشەکانی ترەمپ دژ بە ئەندامانی شاندەکە، پێشێلکارییەکی زەق و ڕوونی یاداشتی لێکتێگەیشتنە.
ئاژانسی هەواڵییەكەی ئێران ئاماژەی بەوەش دا كە ئێستا ئێران خەریکی تاوتێکردنی بژاردەی گونجاون بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ یەكشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی (فۆکس نیوز) ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، ئەوا ئەمریکا باج دەخاتە سەر کەشتییەکانی گەرووی هورمز یاخود بەتەواوەتی کۆنترۆڵی گەرووەكە دەکات.
دۆناڵد ترەمپ هۆشداریشی دابوو كە ئەگەر ئێران گەرووی هورمز دابخات، ڕێگا بە دانوستانکارانی ئێران نادرێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
لای خۆشییەوە محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆكی شاندی دانوستانكاری ئێران ڕایگەیاند کە تاران ئەم هەڕەشانەی ئەمریکا بە جدی وەرناگرێت.
قالیباف رایگەیاند: ئەگەر ئەم هەڕەشە و گوڕەشانە سوودیان هەبوایە، ئەوا واشنتۆن نەدەگەیشتە ئەم دۆخی بێدەسەڵاتییەی ئێستای.
قالیباف هۆشداریشی دابووە ئەمریکا کە هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەن بە ڕێگەی دیکە و لەسەر ئەرزی واقیع وەڵامی هەر سەرکێشییەکی دوژمن بدەنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.