حكوومەتی ئیتاڵیا وەك یەكەم وڵات، بڕیاری دا لە رۆژی هەینی داهاتووەوە دەرگەی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە تارانی پایتەختی ئێران بكاتەوە و سەرجەم كارمەندەكانیش بگەڕێنێتەوە ئەو وڵاتە.
ئەنتۆنیۆ تایانی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەمڕۆ چوارشەممە لەنێو پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند: رۆژی هەینی داهاتوو دەرگەی باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە تاران دەکرێتەوە. ئەم بڕیارە دوای زیاتر لە سێ مانگ لە داخرانی دێت بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
كردنەوەی باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە تاران هاوکاتە لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنە ئاشتییەی کە بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو لەنێوان تاران و واشنتۆن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ بکرێت.
لەمباریەوە وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا گوتی: هەر لە رۆژی هەینیدا باڵیۆزخانەمان لە تاران و نووسینگەکانی ئاژانسی ئیتاڵیا بۆ بازرگانی دەرەکی دەکرێنەوە.
دوای هەڵگیرسانی جەنگ و هێرشەكانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ڕۆژی 28ی شوباتی ڕابردوو، حكوومەتی ئیتاڵیا بڕیاری دا بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنییەوە باڵیۆزخانەکەی دابخات و ئەندامانی نێردە دیپلۆماسییەکەی بگوازێتەوە بۆ باکۆ.
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا جەختیشی كردەوە کە باڵیۆزەکەیان لەگەڵ سەرجەم فەرمانبەر و دیپلۆماتکارەكانیان دەگەڕێنەوە پایتەختی ئێران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.