بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە و ئەنجامی هێرشەکان بۆ سەر ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی توانیویەتی هەڕەشەیەکی گەورەی "بوونی" لەسەر ئیسرائیل دووربخاتەوە و گورزێکی کوشندە لە تاران بوەشێنێت.
نەتانیاهۆ لە پەیامێکدا کە ئاراستەی گومانهێنەرانی کرد، وتی: "بەو کەسانە دەڵێم کە گومانیان هەبوو؛ ئێمە هەڕەشەیەکی بوونیمان لەسەر ئیسرائیل دوورخستەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە پێش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئێران بە خێرایی بەرەو بەدەستهێنانی توانای ئەتۆمی هەنگاوی دەنا، بەڵام ئەو پرۆسەیە پەکخراوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەسەر بەردەوامی هێرشەکان کردەوە و ڕایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و پێویستە بەردەوام بین لە بەهێزکردنی تواناکانمان." ڕوونیشیکردەوە کە لە ئەنجامی هێرشەکاندا توانیویانە ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی ئێران بکوژن و "زیانێکی زۆر و قورسیشیان بە دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە گەیاندووە."
ئەم لێدوانانەی نەتانیاهۆ لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان، چاوەڕێی قۆناغێکی نوێی ململانێکان دەکات، نەتانیاهۆش دووپاتی دەکاتەوە کە ستراتیژی وڵاتەکەی گۆڕاوە بۆ لێدانی ڕاستەوخۆ لە ناوەندی بڕیار و ژێرخانی سەربازی و ئەتۆمی ئێران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.