ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانییەوە بڵاوی کردەوە، بەپێی ڕەشنووسی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا، تاران ڕازی بووە کە چەکی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت و بە هیچ شێوەیەکیش بەدەستی نەهێنێت.
لەو بارەیەوە بەرپرسە ئێرانییەکە گوتی، واشنتن ڕەزامەندی نیشان داوە کە تاران پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی لە ناوخۆی ئێراندا کەم بکاتەوە، کە بڕیارە میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە لە ماوەی 60 ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
هەر بەپێی ڕەشنووسەکە، ئەمریکا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران لادەبات، ئەمەش ڕێگە بە تاران دەدات نەوت بفرۆشێت و داهاتەکەی وەربگرێتەوە.
بەرپرسە باڵاکەی ئێران ئاماژەی بەوەش دا، کە بەپێی ڕێککەوتنەکە گەرووی هورمز دەستبەجێ بە ڕووی هەموو کەشتییە بازرگانییەکاندا دەکرێتەوە و ئەمریکاش گەمارۆ دەریاییەکانی لادەبات. هەروەها واشنتن بڕی 25 ملیار دۆلار لە سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.