دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکی نوێدا وردەکاریی ڕێککەوتنی چاوەڕوانکراوی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، سبەی یەکشەممە ڕێککەوتنەکە واژوو دەکرێت و کۆتایی بەو ئاڵۆزییانە دێت کە ماوەیەکی درێژە ناوچەکەی گرتووەتەوە.
ترەمپ لە پەیامەکەیدا بە توندی ڕەخنەی لە ڕێککەوتنی پێشووی ئیدارەی ئۆباما گرت و بە "ڕێگەیەکی ئاسان بۆ دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی" وەسفی کرد.
جەختیشی کردەوە کە ڕێککەوتنە نوێیەکەی ئەو، وەک دیوارێکی بەهێز دەبێت و ڕێگریی تەواو دەکات لەوەی ئێران بە هیچ شێوەیەک (چ لە ڕێگەی پەرەپێدان یان کڕینەوە) نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەرۆکی ئەمریکا مژدەی ئەوەی دا کە دەستبەجێ دوای واژووکردنی یاداشتنامەکە، گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی نێودەوڵەتیدا دەکرێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەپێچەوانەی ئیدارەی پێشوو، ئەمجارە هیچ بڕە پارەیەک وەک کاش بە تاران نادرێت و پەیوەندییەکان لەسەر بنەمایەکی جیاواز دەبن.
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە لە کاتێکی گونجاودا و دوای ئارامبوونەوەی دۆخەکە، لە ڕێگەی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی جۆری B-2، ئەو پاشماوە و تۆزە ئەتۆمییانەی لە قووڵایی شاخەکاندا حەشار دراون، دەردەهێنرێن و لەناو دەبرێن.
لە کۆتاییدا دۆناڵد ترەمپ هیوای خواست کە ئەم پڕۆسەیە بە ئاشتی و خێرایی بەڕێوە بچێت، بەڵام هۆشداریی دا کە ئەگەر ڕێککەوتنەکە وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە سەرنەگرێت، ئەوا "بژاردەی کۆتایی" بەکاردەهێنن کە هیوادارە هەرگیز پێویست بە بەکارهێنانی نەبێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.