Erbil 31°C شەممە 13 حوزەیران 15:08

لە هیندستان فڕۆکەیەک کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە 5 کەس گیانیان لەدەست دا

100%

فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەر بە هێزی ئاسمانیی هیندستان کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەست دا، سوپای ئەو وڵاتەش دەڵێت، لێکۆڵینەوە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی ڕووداوەکە دەستی پێ کردووە.

سوپای هیندستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ڕۆژی شەممە فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازیی جۆری ئەنتۆنۆڤ (ئەی ئێن-32)ـی سەر بە هێزی ئاسمانیی هیندستان، لە کاتی نیشتنەوەیدا لە بنکەی ئاسمانیی جۆرهات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هیندستان کەوتە خوارەوە و بەو هۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەست دا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا سوپای هیندستان دەڵێت: "هێزی ئاسمانیی هیندستان بەداخە بۆ گیانلەدەستدانی پێنج لە سەربازەکانی لە ڕووداوەکەی جۆرهاتدا."، هەروەها بێ ئەوەی ناسنامەی قوربانییەکان ئاشکرا بکات، سەرەخۆشیی ئاراستەی کەسوکاریان دەکات.

هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، لێکۆڵینەوە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی ڕووداوەکە دەستی پێ کردووە.

پێشتر و لە ساڵی 2019ـشدا، فڕۆکەیەکی هەمان جۆر کە لە بنکەی جۆرهاتەوە فڕیبوو، لە نزیک سنووری چین کەوتە خوارەوە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەرجەم سەرنشینان و تیمی فڕۆکەوانییەکەی کە ژمارەیان 13 کەس بوو.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.