Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 09:36

سێنتکۆم: لە چوارچێوەی گەمارۆکانی سەر ئێراندا ئاراستەی 125 کەشتیی بازرگانیمان گۆڕی

Kurdistan Ahmed
100%

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) نوێترین ئاماری دەربارەی چالاکییە دەریاییەکانی لە دەریای عەرەب بڵاوکردەوە، کە تێیدا هێزەکانی ئەمریکا سەرقاڵی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایین بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سێنتکۆم، لە سەرەتای مانگی پينجەوە تا رۆژی چوارشەممە3-6-، هێزەکانی ئەمریکا وەک بەشێک لە هەوڵەکانیان بۆ چاودێریکردنی سنوورە ئاوییەکان و دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی سزاکان، ئاراستەی 125 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و ڕەوانەی شوێنی تریان کردوونەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کە هەر لەو ماوەیەدا هێزەکانی ئەمریکا 6 کەشتیی تریان "لەکارخستووە" (Disabled) بەهۆی پابەندنەبوونیان بە ڕێکارەکان و هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی گەمارۆکان.

لەم چوارچێوەیەدا، وێنەی سەربازانی هێزی دەریایی ئەمریکا لەسەر پشتی کەشتیی جەنگیی (USS Rafael Peralta - DDG 115) بڵاوکراوەتەوە، لە کاتێکدا سەرقاڵی چاودێریکردنی وردی جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکانن لە ئاوەکانی دەریای عەرەب و ناوچە ستراتیژییەکانی ژێ دەسەڵاتی فەرماندەیی ناوەندی.

ئەم جموجۆڵە سەربازییانەی ئەمریکا لە دەریای عەرەب، لە چوارچێوەی ستراتیژی واشنتن دێت بۆ توندکردنەوەی فشارەکان لەسەر تاران و ڕێگریکردن لە گەیشتنی هەر کەلوپەل و چەک و پێداویستییەک کە پێچەوانەی سزاکانی ئەمریکا و نێودەوڵەتی بێت.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.