وەزارەتی دەرەوەی کوێت، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامەکانی ئێرانی کرد کە لە ڕێگەی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام دەدرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ـی حوزەیران، وەزارەتی دەرەوەی کوێت ڕایگەیاند: هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە دامەزراوە مەدەنی و هەستیارەکانی کردووەتە ئامانج، لەوانەش فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کوێت، کە بەو هۆیەوە 1 کەس گیانی لەدەستداوە و 63 کەسی دیکەش بریندار بوون، هاوکات زیانێکی زۆری ماددی بە دامەزراوەکان و چەند نوێنەرایەتییەکی دیپلۆماسی گەیشتووە.
لە بەیاننامەکە وەزارەتی دەرەوە هاتووە: کوێت بە توندی ئەم هێرشە دەستدرێژکارانەی ئێران ڕەت دەکاتەوە، کە دەبێتە هۆی زیاتر ئاڵۆزکردنی دۆخەکە و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە. ئەمە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان، میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان و بڕیاری ژمارە 2817ـی ساڵی 2026ـی ئەنجوومەنی ئاسایشە.
وەزارەتی دەرەوە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئاسایشی کوێت، سەروەریی خاکەکەی و سەلامەتی هاووڵاتییان و نیشتەجێبووان هێڵی سوورە و ڕێگە بە هیچ جۆرە دەستکارییەک نادرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە نیشانەی ڕێچکەیەکی دوژمنکارانەی ڕێکخراوە و کوێت لە بەرامبەریدا بێدەنگ نابێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، کوێت ڕایگەیاندووە کە مافی تەواوەتی و ڕەسەنی خۆمان دەپارێزین بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بە مەبەستی وەڵامدانەوەی ئەم دەستدرێژییە دووبارەبووانەی ئێران، بە جۆرێک کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.