ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەستبەسەرداگرتنی بڕێكی زۆری پارە و زێڕ و دەیان تاپۆی خانوو و زەوی لە ماڵی بریكاری وەزیری نەوت بۆ كاروباری پاڵاوگەكان و جەماعەتەكەی راگەیاند.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: دادگای ناوەندیی تاوانەکانی دژی گەندەڵی لە لێكۆڵینەوەكاندا لەگەڵ تۆمەتبار عەدنان محەمەد مەحموود بریكاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ كاروباری پاڵاوگەكان و جەماعەتەكەی، دەستی بەسەر بڕێكی زۆری پارە و تاپۆی خانوو و زەویدا گرت.
بەگوێرەی بەیاننامەكەدا تا ئێستا لە قۆناغی سەرەتای لێكۆڵینەوەكاندا دەست بەسەر 40 تاپۆی خانوو و زەوی، 10 ملیۆن دۆلار، 3 ملیار دینار و نزیكەی كیلۆ و نیوێك زێڕدا گیراوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماژەی بەوەش دا كە هەروەها دەستبەسەر ژمارەیەكی زۆر چەكی سووك و مامناوەند گیراوە.
جەختیشی كردەوە كە لێكۆڵینەوەكان تا ئێستا بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی تەواوی ئەو كەسانەی لە كەیسی گەندەڵییەكەدا تێوەگڵاون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.