هونەرمەند ئازاد قەرەداخى
ژەنیار، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر...!
لە خانەقاى پیرە هەولێرێ بەدنیا هاتووم، بەڵام شانازى بە ناسناوى قەرەداخى یەوە دەکەم.
ژەنینى ڤیۆلۆنەکەى مامۆستا (ئەنوەرقەرەداخى) لەبارى هونەرییەوە کاریگەرى لەسەر داناوم.
زۆرن ئەو دەست و پەنجە هونەرییانەى مێژووییەکى لێوڕێژییان لەبەخشینى هونەرى ئاواز و موزیک و گۆرانى دا هەیە، بەدڵ تێکۆشاون لەپێناو خزمەتکردن بەهونەرى کوردى، ئەگەرچى زۆر لەبەرچاو نین..! چونکە خۆیان خەسڵەتى خۆبەرەپێش و خۆدەرخستنیان نەبووە و نەیان ویستووە دەربکەون بەڵکو تەنها مەبەستیان ئەوەبووە ئەو توانا و لێهاتووەى هەیانە تەرخانى بکەن بۆ پێشخستن و بەرزڕاگرتنى هونەرى ئاواز و موزیک و گۆرانى کوردى.
یەکێک لەو هونەرمەندانەى کەلەنزیکەوە بەدیدارى شادبووم و لەنزیکەوە دوواندم، میهرەبانى و زمانە شیرینەکەى زیاتر سەرنجى ڕاکێشام و بۆم دەرکەوت جیا لەکەسایەتییە جوانەکەى پاشخانێکى لێوانلێو لە خزمەتکردنى موزیک و گۆرانیدا هەیە، ئەو خەسڵەتە جوانانەى بوونە هەوێنى ئەو دیدارەو لەڕێی ئەو چەند پرسیارەوە هەنگاوم بۆنێو ئەو مێژووە هونەرییەى هونەرمەند (ئازاد قەرەداخى) لەنێوان (باشوور و ڕۆژهەڵاتى کوردستان) دا هەڵگرت و دوواندم.
هونەرمەند ئازاد قەرەداخى کێیە؟!
ئازاد حەمەدەمین ساڵح حوسێن، ناسراو بە (ئازاد قەرەداخى) لە ساڵى (1956) لەگەڕەکى دێرینى (خانەقا)ـى شارى هەولێر لەخانەوادەیەکى زەحمەتکێش و نەدارى قەرەباڵغى (8 خوشک و 3 برا) دا چاوى بەژیان هەڵهێناوە.
بەپێى سیستەمى خوێندن ئازادى تەمەن (6) بەهار بۆ وەرزى خوێندنى ساڵى (1962بۆ 1963) بۆیەکەم جار خراوەتە بەرخوێندن لە قوتابخانەى (سۆران)ـى سەرەتایی، هەتا قۆناغى ناوەندییشى تەواو کردووە لە ( ناوەندى کۆمارى _ جمهورى) بووە، پاشان چۆتە ئامادەیی(ئەربیللى) ئێواران، لەوێ بڕوانامەى ئامادەیی لەبەشى (وێژەیی) دا بەدەستهێناوە.
لەڕێی ئەم پرسیارانەوە زیاتر بەژیانى کۆمەڵایەتى و هونەریی هونەرمەند (ئازاد قەرەداخى) ئاشنا دەبین.
پرسیار: ئەوەندى بزانم لەشارى هەولێر بەدنیا هاتوون، بەڵام بۆ ناسناوى (قەرەداخى) تان کردۆتە پاشخانى ناوەکەتان؟
ئازاد قەرەداخى: بەڵێ ڕاستە من لەگەڕەکى خانەقاى شارى هەولێرى ئازیز بەدنیا هاتووم ، سەرەتاى گەنجیم هێشتا نەبوومە ژەنیار، لەبەرئەوەى گەنجێکى جوان و شۆخ و خەپەبووم لەنێو دۆست و هاوڕێ کانمدا پێیان دەووتم (ئازادە خڕێ) بەڕاستى منیش بەو ناسناوە ناڕەحەت دەبووم، دیارە باب و باپیرانم بەتایبەت بنەماڵەى بابم خەڵکى دەڤەرى قەرەداخى سەربەشارى سلێمانى ین ، منیش بۆئەوەى ڕزگارم بێت لەئازادە خڕێ و بیرم کردەوە باب و باپیرانم خەڵکى ئەو ناوچە جوانەى کوردستانن، ناوچەیەکى تژى لەکوردایەتى، ئەدەب و هونەر و زێدى چەندین کەسایەتى بەرزى نەتەوەکەمە، بۆ پاشناوى ناوەکەم نەکەم بەناوى ئەو ناوچە دڵگیر و دڵڕفێنەى کوردستان (قەرەداخ)، لەوکاتەوە لەنێوەندى هونەریی و کۆمەڵایەتى بە (ئازاد قەرەداخى) ناسراوم، هەرچەندە شارە جوانەکەى هەولێر زێدمە و خۆشم دەوێت، بەڵام شانازیش بە (قەرەداخى) یەکەشەوە دەکەم.
پرسیار: کەى هەستان کرد کە خولیاو ئارەزووى هونەریتان چرۆى کردووە؟ کێ ئەو بەهرەیەى لەبەڕێزتاندا دۆزییەوە؟
ئازاد قەرەداخى: دەبێت بگەڕێمەوە بۆ ئەو ژینگەیەى تێیدا بەدنیا هاتووم و ئەو گەڕەکە دێرینەى تێیدا گەورەبووم ئەویش گەڕەکى (خانەقا) یە، ئەو گەڕەکە یەکێکە لەگەڕەکە کۆنەکانى شارى هەولێر، بەڵام لێوان لێوبوو لەجوانییەکانى ژیان، لەتێکەڵاوبوونى کلتوورەکان و پڕ لەخۆشەویستى و بەخشینى ئارامیی بەڕۆح، دەتوانم بڵێم پڕ بوو لەئاوازى هەست بزوێن، من لە تەمەنى منداڵیمەوەخولیاو ئارەزووى هونەریی لەناخ و هەستمدا چرۆى کرد، ئەوبەهرەیەم لەخۆمدا دۆزییەوە، کە منداڵ بووم زۆر حەزم لەلێدانى تەپڵ بوو، لەڕێی قوتوو وە و بەبەستنى تەلى تەسبیح لێم دەدا هەستم بەشتێک دەکرد لەگوێمدا، دواتر نایلۆنم دەخستە سەرشانەى قژ داهێنان و بەدەم مۆسیقا و گۆرانیم پێ لێدەدا.
پرسیار: بەڕێزتان ژەنیار، گۆرانیبێژ و نواندن، یەکەم کارى هونەریتان لەو بەهرانە بەکامیان دەستان بەکارى هونەریی کرد؟ یەکەم کارى هونەریتان چى بوو ساڵى چەندبوو؟
ئازاد قەرەداخى: دەستپێکى کارى هونەریم سەرەتا بە هونەرى (نواندن) بۆیەکەمجار لەساڵى (1972) بوو، لەدووبەرهەمى شانۆییدا بەشداریم کرد، لەگەڵ هونەرمەندان (زاهیر عەبدوڵڵا 1958_23/11/2024)، (ئەنوەرشێخانى 1951_23/9/2019) و عیماد ئەکرەم)، هەردوو شانۆگەریەکە بەناوى( ئەنجامى پول پەرستى و سمە کۆڵ) بوو لەدەرهێنانى هونەرمەند و مامۆستا ( سەباح عەبدولڕەحمان) بوو.
پرسیار: وەک گۆرانیبێژ ئەگەر بێتەوە یادتان یەکەم گۆرانى چى بوو خوێندتان و ساڵى چەند بوو، ئایا لەگەڵ تیپى مۆسیقا دابوو؟
ئازاد قەرەداخى: سەرەتا دەبێ بگەڕێمەوە بۆ کاتى دامەزراندنم وەک فەرمانبەرێکى میرى، بەهەوڵ و تێکۆشانى هونەرمەندى ئازیز (ڕەسمى جەلال شاڵى) لەرێکەوتى (26/3/1976) بەناو نیشانى (مدرب ریفى) لەبەڕێوەبەرایەتى (شانۆى لادێ _ مسرح ریفى) دامەزرام، وەکو گۆرانی گووتنیش کاتێک دەستم پێکرد هەر لەساڵى (1976) بوو لەگەڵ تیپى مۆسیقاى هونەرى شانۆ بەدوو گۆرانى بەشداریم کرد لەهۆڵى (سینەما سیروان)، گۆرانییەکان بریتى بوون یەکەم:
گۆرانی ( عومری شیرین) کە بە (بهجارێ ماڵی وێرانم بهسهرچوو وهعدهی ژینم بهناكامی لهدنیادا بهباچوو عومری شیرینم) ناسراو بوو لە هۆنراوەى (ئەخۆل 1911_ 29/6/1988)ـى شاعیر، گۆرانى دووەم (ههی شهمی شهوان، ههی شهمی بهشهوق چلچرای شهوان ههی ژیانی من، ههی ڕۆحی ڕهوان، ههی گلێنهكهی دیدهی بێ خهوان) لههۆنراوهی (وهلی دێوانه 1826_1881)، هەردوو گۆرانى لەئاوازى هونەرمەندى شەهید (قادر کابان 1937_ 1/7/1981) بوو، بەهاوکارى ژەنیاران (قەمبەر قارداش، سابیر شاکر ڕواندزى، سیروان عومەر یوسف، ساڵح مینە جاف)، دواتر لەچەند بۆنە و ئاهەنگێک لە(هەرمۆتە، خانزاد، گوێڕ، قوشتەپە، ڕواندز و شەقڵاوە) بەشداریم کردووە.
هەروەها لەهەردوو گۆرانى (حەزم لێکردووى) هونەرمەند (حەمە جەزا 1949_1/10/2010) و گۆرانى (دوورم لەیاران)ـى هونەرمەند (قادرزیرەک 1954_17/7/1981) وەک (کۆرس) بۆ تەلەفزیۆن بەشداریم کردووە.
پرسیار: وەک ژەنیارى ئامێرى (کەمان _ ڤیۆلۆن) دەرکەوتوون، چۆن بوو ئەو ئامێرەتان هەڵبژارد؟ خۆڕسک فێربوون؟ یان بەشێوەیەى ئەکادیمى لە پەیمانگا یان دەرچووى خولێکى مۆسیقان؟
ئازاد قەرەداخى: وەک پێشتر ئاماژەم پێدا لەتەمەنى منداڵیەوە ئارەزووى هونەرى مۆسیقام هەبووە، لەتەمەنى لاویدا زۆر گوێم بۆ گۆرانى کوردى، فارسى و عەرەبى دەگرت، لەناو ئەو گۆرانى و میلۆدییە خۆشانە تاکە ئامێرێک کە هەستى منى بەلاى خۆیدا پەلکێش دەکرد سۆڵۆى ئامێرى (کەمان _ ڤیۆلۆن) بوو، زۆرم پێخۆشبوو و چێژى پێدەبەخشیم، بەدڵ خواستم بوو کە فێرى ئەو ئامێرە ببم هەرئەو سۆزە بوو هانى دام کە ئامێرى کەمان هەڵبژێرم، فێربوونەکەشم سەرەتا بەشێوەى (گوێ بیستى _ سەماعى) بوو، دواتر لەژێر سایەو زانیارییەکانى مامۆستاى خوالێخۆشبوو (قەمبەر محەمەد ڕەئووف، ناسراو بەقەمبەرقارداش) خەڵکى شارى کەرکوک بوو، زۆر پێمەوە ماندوبوو، وانەى پێدەگووتم تاگەیشتمە ئەو ئاستەى بتوانم خۆم پێ بگەیەنم.
پرسیار: زیاتر ژەنینەکانت بەئامێرە دڵخوازەکەتان بەشێوەى سەماعى یە یان بەنۆتە؟ ئەگەر بەنۆتەیە چۆن فێرى نووسین و خوێندنەوەى نۆتەبوون؟
ئازاد قەرەداخى: دواى ئەوە بوومە ژەنیار و توانیم لەسەرپێی خۆم بوەستم وەک ژەنیارى ئامێرى کەمان، توانیم گرووپى مۆسیقا دروست بکەم و ببم بەسەرپەرشتیارى گرووپ، ئەوانە هەمووى بەسەماعى بوون و بە هەوڵ و ماندوبوونى مامۆستا (قەمبەر قارداش)، دواتر لەساڵى (1983 بۆ 1984) مامۆستا و هونەرمەند (ڕەنجبەرخۆشناو 1953شەقڵاوە) پەیمانگاى هونەر بۆ مۆسیقا لەشارى هەولێر دامەزراند، لەوێ خولى مۆسیقاى کردەوە، من بەشدارى ئەو خولەم کرد و توانیم فێرى نۆتە و خوێندنەوەى نۆتەى مۆسیقى بم و هەروەها وانەش بڵێمەوە.
مامۆستا و هونەرمەند (ڕەنجبەر خۆشناو) لەو بارەیەوە دەڵێت (کاک ئازاد هاتە لام کەمانی دەژەنی بەڵام نۆتەی نەدەزانی من دوو سێ وانەی تیۆری مۆسیقام فێر کرد دواتر زۆر دەهاتە لام دوو سێ کەسی فێری ساز کرد، پێشتر وەک ژەنیار وەکو باسم کرد لە تیپی مۆسیقای زیرەک ئەندام بوو لەسەر ئامێری کەمان)(1).
پرسیار: لەگەڵ ئاواز دانان دا، تا ئێستا ئاوازتان بۆ بەرهەمە هونەرییەکانى خۆت داناوە؟ چەند ئاوازى خۆت هەیە؟
ئازاد قەرەداخى: دەربارەى ئاوازدانان بۆ بەرهەمەکانم، شیعرى شاعیران و فۆلکلۆر، بەڵێ دەتوانم بڵێ زیاتر لە (70بۆ 80) ئاوازى خۆم هەیە، ئەوانى تریش بەدەستکارییەوە لەفۆلکلۆر توانیومە ئەوانەى کە وون بوون، زیندوویان بکەمەوە بەکەمێک دەستکارییەوە مۆسیقایان بۆ دابنێم.
پرسیار: لەگەڵ کام گرووپ و تیپى مۆسیقادا کارى هونەریتان ئەنجامداوە؟ لەدەستپێکەوە تەنها یەک تیپى مۆسیقا یان چەند گرووپ و تیپێک؟
ئازاد قەرەداخى: من لەساڵى (1976) بووم بەئەندام لە کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى، هەرلەوێش فێرى ئامێرى کەمان بووم لەسەردەست و پەروەردەى مامۆستا قەمبەر قارداش، بۆماوەى یەک ساڵ هەتا بەتەواوى ئامێرى کەمان فێربووم، پاش ئەوەى دڵنیابووم لە تواناى خۆم و بووم بەژەنیارى ئامێرى کەمان، توانیم دەست و پەنجەم ئاوێتەى ژێی کەمانەکەم و زاڵ بم بەسەریدا، لەساڵى (1977) گرووپێکى مۆسیقام لەکۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى لەشارى هەولێر دامەزراند و خۆم سەرپەرشتیم دەکرد، ئەم هونەرمەندە بەڕێزانەش هاوکارم بوون (شەریف کوردستانى خودالێیخۆشبێت ئامێرى (ساز دەژەنى)، (زهێر تەحسین پیرداود، ئامێرى ئۆکۆردیۆن)، (ڕزگار ڕەنجەڕۆ، ئێستا دکتۆر ڕزگار ڕەنجەڕۆى پێدەڵێن و مامۆستاى زانکۆیە، زەڕبى دەژەنى) گۆرانیبێژەکانى ئەوکاتە کەلەگەڵماندابوون (جەلال سەعید بەڕەحمەت بێت 1953_9/12/2013)، (ڕەحمان قوربانى)، (ڕزگار ڕەنجەڕۆ)، (بورهان خۆشناو) و هەروەها بۆخۆشم ناوە ناوە بەپێی پێویست گۆرانیم دەخوێند.
دواى ماوەیەک لەنەقابەى کرێکارانى هەولێر گرووپێکى مۆسیقام دامەزراند لەساڵى (1979 بۆ 1980) ئەو گرووپە مۆسیقیە پێکهاتبوولە (12 بۆ 13) کەس، یەکەم ئاهەنگیشمان بەبۆنەى ساڵیادى جەژنى کرێکارانەوە بوو لە (1ـى ئایار) لەهۆڵى (گەل) وەک دێتەوە یادم (9) هونەرمەندى گۆرانیبێژ لەگەڵماندا بەشداربوون وەک:
(حەمە جەزا، (فوئاد ئەحمەد1932_17/8/2004)، عارەب عوسمان، ڕزگار ڕەنجەرۆ، ئیبراهیم سابیر، تەلعەت محەمەد، نیزام شکور و (سابیر کوردستانى 1955کەرکوک _ 10/8/2020سلێمانى)، ئەو ئاهەنگە بۆماوەى (3) ڕۆژ بەردەوام بوو.
پاش ئەوە لەساڵى (1983) لە ( مەڵبەندى لاوان _ مرکزالشباب) لەگەڵ هونەرمەندى خوالێخۆشبوو (شێرزاد عوزێرى 1950_2/12/2009) تیپى مۆسیقاى (کاروان) مان دامەزراند و ئەو تیپە چەند هونەرمەندێکى لەخۆ گرتبوو، لەساڵى (1984) هونەرمەند (هاوتا ئەسعەد1961_7/4/2022) بەڕەحمەت بێت، تازە دەستى کردبوو بەگۆرانیگوتن، بۆزانیارى هاوتا خۆى ناوى (کاکە ڕەش ئەسعەد) بوو، من و هونەرمەند شێرزاد عوزێرى ناوەکەیمان گۆڕى لەبەرئەوەى گەنجێکى جوان و دەنگخۆش بوو، لامان خۆش نەبوو ئەو دەنگە خۆشە بەوناوەوە بێتە ناو کۆڕى هونەرییەوە، ئێمە ئەو ناوەمان بۆدۆزییەوەکردمان بە (هاوتا ئەسعەد)، گۆرانیبێژانى دیکەش کەلەگەڵماندا کاریان دەکرد وەک (کامەران ساڵح، دلێر ساڵح، عەلى ئەحمەد، ڕزگار خۆشناو زیاتر گۆرانییەکانى هونەرمەند (حەسەن زیرەک 29/11/1921_ 26/6/1972) دەگووت، هەروەها خاتوونێکمان لەگەڵدا بوونێوى (ئیلهام) بوو، (ئەحمەد زەمانە بوو ئەویش هونەرمەندێکى شیرین و خاوەنى دەنگێکى زۆر خۆشبوو حەیرانى زۆر بەجوانى دەگووت) من تاساڵى (1985) لەوێ مامەوە پاشان گروپێکى مۆسیقامان لەگەڵ هونەرمەند (مستەفا ڕەنجەڕۆ) ژەنیارێکى بەتوانا و لێهاتووى ئامێرى کەمان بوو، برادەرێکى دیکە بەناوى (عەدنان) ئامێرى زەڕبى لێدەدا، لەگەڵ کاک (چاپووک محەمەد و شێردڵ و ڕەوەز) ئەوانیش ژەنیارى کەمان بوون.
ئەم گرووپە مۆسیقیە توانیمان (4) گۆرانى بۆ هونەرمەندى کۆچکردوو (سابیر کوردستانى) لە ( کۆشکى ئاڵتونى _ قصر الزهبى) بۆتۆماربکەین، دوو لەو گۆرانیانە من پێشەکى مۆسیقاکەم بۆ ئامادە کردووە.
گۆرانى یەکەم: ڕۆژێ بولبولێ، لەهۆنراوەى (ڕازى 1937_9/8/2015) شاعیر و ئاوازى هونەرمەند سابیر کوردستانى
گۆرانى دووەم: بۆکچێکى ئاڵ، ئەم گۆرانییە زیاتر بەو ناوە ناسراوە (لەدوورەوە ناوت بیستووم) لەهۆنراوەى ( عەبدوڵڵا پەشێو) و ئاوازى هونەرمەند سابیر کوردستانى بوو.
پرسیار: بەشێک لەژیانى هونەریتان لەڕۆژهەڵاتى کوردستان بووە، ئایا ساڵى چەند چوونەتە ڕۆژهەڵات و ماوەى چەندساڵ مانەوەو کەى گەڕانەوە پیرە هەولێرێ؟
ئازاد قەرەداخى: ساڵى (1989) بەهۆى بارودۆخى ئەو سەردەمەوە خۆم و خانەوادەکەم ڕوومان کردە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و لەشارى (مەهاباد) گیرسامەوە، ماوەى (15) ساڵ لەوێ مامەوە تا مانگى (10ـى 2004) گەڕامەوە بۆزێدە شیرینەکەم پیرە هەولێرێ.
پرسیار: ئەو ماوەیەى لەڕۆژهەڵات ژیایت لەگەڵ چەند هونەرمەندى گۆرانیبێژ وەک ژەنیار کارى هونەریتان ئەنجامداوە؟ وەک گۆرانیبێژیش هی بەرهەمێکتان لەوێ تۆمارکردووە؟
ئازاد قەرەداخى : ئەو ماوەیەى کە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانى ئازیز بووم بەتایبەت لەشارى (مەهاباد)، ژیان و ماڵم لەوێ بوو ئاشنایەتى و پەیوەندى دۆستانەو هونەریم لەگەڵ زۆر لەکەسایەتى و شاعیر و هونەرمەندان پەیداکرد و کارم لەگەڵ زۆر لەهونەرمەندەکان کردووە، کارى موزیک و گۆرانى، دواتر بووم بەئەندامى گرووپى موزیکى (وەفایی)، لەگەڵ زۆر لە هونەرمەندەکانى ئەوسەردەمە کارى هونەریم کردووە، بۆنموونە:
هونەرمەندى ژەنیار و گۆرانیبێژ (ڕەشیدخانى فەیزنەژاد 1951 سەقز) پێکەوە کاسێتمان بۆ هونەرمەندى دەنگخۆش (حەسەنى دەرزى 1957 بۆکان) تۆمارکردووە، بەڕەحمەت بێت هونەرمەند جەلال سەعید هاتە شارى مەهاباد لەگەڵ گرووپى وەفایی لەخزمەتیدا بووین و کاسێتێکمان بۆ تۆمارکرد، دواتر کاسێتێکمان بۆ هونەرمەند ( عەزیزشارۆخ 1938 مەهاباد) تۆمارکرد ئەگەر هەڵە نەبم کاسێتى ژمارە ( 12 یان 13) لەبەرهەمە هونەرییەکانى هونەرمەند عەزیز شارۆخ، لەساڵى (1992) لەهۆڵى سینەما (فەرهەنگ) لەشارى نەغەدە لەگەڵ گرووپى وەفایی کۆنسێرتێکمان بۆ هونەرمەند عەزیز شارۆخ سازکرد کە خۆم سەرپەرشتیارى گرووپەکە بووم.
ماوەى (4 تا 5) ساڵ لەخزمەتى هونەرمەندى گەورە کاک (محەمەدى ماملێ 2/6/1925_ 23/1/1999) دابووم خواى گەورە بە بەهەشتى شاد بکات، هەروەها زۆر لەگۆرانیبێژانى تر کارم کردووە وەک (سەید عەلى سەردەشتى 1922_10/4/2025)، (سەیدئیبراهیمى سەقزى) (کامەرانى مەتەرى 1945_2/9/2021)، (قادرى سەیاحى 1943_17/4/2022)، ( محەمەدى ناهید)، (محەمەدى دانش 1945_12/9/2015)، (ئیبراهیمى قادرى 1934_19/11/2024)، (ئیبراهیمى فەتاحى 1932_14/1/2006)، (ڕەسوڵى نادرى 1933_17/9/2018)، (قادر مامەندى )، ( مستەفا شێواو )، (عومەرى عەبدى)، (حوسێنى وەفا)، (عەبە دەڕژێ)، (عەلى خەندان)، (ئیسماعیل سەردەشتى)، (جەعفەرى ماملێ 1940_2019) و زۆرى دیکە، کاک محەمەدى ناهید یەکێکە لە خۆشەویستانى من زۆر پێکەوە کارى هونەریمان کردووە، دەتوانم بڵێم (4) گۆرانیشم بۆ تۆمارکردووە، بەپێویستى دەزانم کە ئاماژە بە تواناو لێهاتوویی تواناى دەنگ و هونەرى ئەو هونەرمەندانە بدەم، هەم چێژم لێوەرگرتن و هەم قوتابخانەیەکیش بوون لەبارى هونەرى میللى خۆڕسک و خۆوێژەوە، بۆنموونە هونەرمەند (عەبە دەڕژێ) کەبەیت بێژێکى زۆر بەتوانا و ناوداربوو، یەکێکى دیکە لەو هونەرمەندە نەمرانە کە دەتوانم بڵێم (عەلامە) بوو لەبارى کارى بەیت بێژى و خۆوێژى ئەویش هونەرمەند (سەیدعەلى سەردەشتى) یە، ئەم پیاوە جوانە داناو لێزان بوو لەدانانى تێکست، لەئاواز، لەدەم و دووى شیرین، کۆڕو کۆبوونەوەى گەلێک خۆش بوو، زۆر ئاشنایەتیم لەگەڵیدا هەبوو، لەگەڵ ئەویشدا زۆر کارى هونەریمان پێکەوە کرد، دەتوانم بڵێم بۆخۆى قوتابخانەیەکى پڕبوو لە جوانى و زیندووکردنەوەى فۆلکلۆر و دانانى گۆرانى، دەروبەر دەیتوانى زۆر شتى لێوە فێربێ، بۆخۆم زۆر سوودم لێبینى یادى بەخێر.
ئەو ماوەیە کەلەوێ دەژیام و لەکارى هونەریی بەردەوام بووم لەگەڵ ئەو هونەرمەندە موزیکژەن و گۆرانیبێژانە، من جیا لەژەنینى ئامێرى (کەمان و کەمانچە) واتە (جۆزە) وەک گۆرانیبێژیش کارم کردووە، دەتوانم بڵێم (14 بۆ 15) کاسێتم بەدەنگى خۆم تۆمارکردووە، بەڵگەش بۆ ئەوە هەموو ئەو کاسێتانە لەڕۆژهەڵات لە تۆمارگاکان هەیە و لەلاى خۆشم وەک ئەرشیفێکى بەنرخ پاراستوومن.
پرسیار: جیا لە ئامێرى ڤیۆلۆن ئایا شارەزایتان لە ژەنینى ئامێرەکانى موزیکدا هەیە؟
ئازاد قەرەداخى: بێگومان بەڵێ شارەزایم لەژەنینى ئامێرەکانى (عود، ساز، جومبوش، کەمانچە (جۆزە)، هەروەها لە زەڕبیش دا، تواناى ژەنینى ئەو ئامێرانەم هەیە و خراپ نیم چونکە ئێستا من لەماڵەوە واتە لەساڵى (2020) وە ستۆدیۆیەکم بۆخۆم داناوە و دەتوانم کارە هونەرییەکانى خۆمى پێ ئەنجام بدەم، لەکاتى تۆمارکردنى بەرهەمەکانم بەپێی پێویست ئەو ئامێرانە دەژەنم.
پرسیار: جگە لەڕۆژهەڵاتى کوردستان، ئازاد قەرەداخى لەگەڵ گرووپ و تیپى مۆسیقى دا گەشتى دەرەوەى وڵاتى کردووە؟
ئازاد قەرەداخى: ساڵى (2011) گەشتێکى دەرەوەى وڵاتم کردووە لەگەڵ تیپى کە لەپوورى کوردى هەولێر، لە (جنێف)ـى وڵاتى سویسرا کارى هونەریمان پێشکەشکرد، پاشان لەساڵى (2016) لەلایەن چەند دۆستێکى ئازیز و هونەرمەند بانگهێشت کرام بۆ وڵاتى (هۆڵەندا) لەوێ گرووپێکى (5) کەسیمان پێکهێنا، لەشارى (ئایدهۆڤن) شەوئاهەنگێمان سازکرد و دواتر چوینە ئەڵمانیا و پۆڵەندا و چەند وڵاتێکى دیکە ئەوروپا.
پرسیار: ئەو هونەرمەندانەى لەدەستپێکى کارى هونەریتانەوە تا ئەمڕۆ کارت لەگەڵ دا کردوون، زیاتر لەگەڵ دەنگ و هونەرى کام هونەرمەند ئاسوودە بوویت و دەست و پل و پەنجەتان لەگەڵ ژێی ڤیۆلۆنەکە تان ئاوێتە بووە؟
ئازاد قەرەداخى: خۆشبەختانە ئەو هونەرمەندانەى من کارم لەگەڵیاندا کردووە زۆربەیان هونەرمەندى دیارى ناو کۆمەڵى کوردەوارى بوون، لەسەرو هەموویانەوە کە بەندە زۆر پێی خۆشحاڵ بووم و شانازى پێوە دەکەم و کاتێک گوێم لێدەبوو یان موزیکم لەگەڵیدا ژەنیوە مامۆستا (محەمەدى ماملێ)ـى نەمر بوو، ئەوە قسەى لەسەرناکرێت..! چونکە ماملێ ناو و کەسایەتى و هونەر و دەنگە خۆشەکەى هەمیشە نەمرەو لەگوێم دا دەزرینگێتەوە، بۆمن بۆتە یادەوەرییەکى شیرین، هەروەها لەدڵەوە ڕێزو حورمەتم بۆ هەموو ئەو هونەرمەندانەى دیکە هەموویان بۆمن جێی شانازین و سەربەرزم ڕۆژێک توانیومە وەک ژەنیارێک لەخزمەتیاندابم .
پرسیار: باشە ئەوە لەڕۆژهەڵاتى ئازیز، ئەى لەهونەرمەندانى باشوور، کام هونەرمەندى گەلەکەمانە بۆتە جێی شانازیت کە لەگەڵیدا موزیکت ژەنیوە؟
_ ئازاد قەرەداخى : هەرچەندە پێشتر ئاماژەم پێدا، خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم کە توانیومە لەپشتى کەسایەتى و هونەرى بەرزى هونەرمەندان (حەمە جەزا، جەلال سەعید) و زۆر هونەرمەندانى دیکە موزیکم ژەنیوە، بەڵام لەزۆر کۆڕو کۆبوونەوەى ماڵان و شەو ئاهەنگ لەگەڵ هونەرمەندى گەورەى نەتەوەکەمان خاڵە (تایەرتۆفیق1922_20/10/1987) لەخزمەتیدا بووم و هەمیشە شانازیی بەو ڕۆژانەوە دەکەم، هەروەها لەگەڵ هونەرمەندى گەورەى گەلەکەمان (ناسرى ڕەزازى 1955 سنە) هەمیشە دەبێت ناوى لەسەر زاران بێت و لەبیرنەکرێت، یادەوەریى زۆرم لەگەڵیدا هەیە و چەند دانیشتن و ئاهەنگێک لە شارى هەولێر و هاوینەهەوارى دوکان ئەوانە بۆمن مێژوویەکى بەنرخن ، من وەک ژەنیارێک ناتوانم پۆل بەندیی بکەم و بڵێم فڵان هونەرمەند لەفڵان باشتر و چاکترە نەخێر، بەڵکو هەموویان جێگاى ڕێزو حورمەتن و هەریەکەیان بەتواناى خۆیان خزمەتێکى گەورەیان بەهونەرى موزیک و ئاواز و گۆرانى نەتەوەکەم کردووە.
پرسیار: لەساڵى (1983) لەئاهەنگێکدا هەردوو هونەرمەند (تایەر تۆفیق و ناسرى ڕەزازى) پێکەوە بەشدار دەبن، ئازاد قەرەداخى وەک ژەنیار لەو ئاهەنگەدا بەشداریتان هەبووە ؟
ئازاد قەرەداخى :بەڵێ ئەو ئاههنگە لەڕێکەوتى (21/7/1983) لە یانهی ئهندازیارانی شاری ههولێر سازکرا، من وەک ژەنیار لەگەڵ گرووپى موزیک بەئامێرى (جومبووش) بەشداربووم، ئهو شهوه ئهو ئامێری جومبوشه هی خۆشم نەبوو..! بەڵکو وەرمگرتبوو تهنها بۆ ئهوهی بتوانم لهگهڵ هاوڕێ ژهنیارهكانم خزمهت بهو دووهونهرمهنده گەورە و خۆشهویسته بکەم، ههردوو هونهرمهند (تایهر تۆفیق و ناسری ڕهزازی) ئەو شەوە چهندین گۆرانییان پێکەوە خوێند، شەوێکى زۆر خۆش و شیرین بوو هەرگیز ناتوانم لەیادى بکەم، چونکە ئەوە مێژووى ئاواز و دەنگ و هونەرى هونەرمەندانى نەتەوەکەمە بۆهەمیشە ناو هونەرەکەیان بەبەرزى دەمێنێتەوە، هونهرمهندی شانۆ و درامای كوردی( عهلی یهفهنی _ حاجی مهكی 1939 ئامێدى _18/12/2015 سلێمانى) پێشكهشكاری بەرنامەى ئاهەنگەکە بوو، وه هونهرمهندی دهنگخۆشیش بەڕێز (زیاد ئهسعهد) تازە هاتبووە نێو کارى هونەرییەوە گۆرانى دەگووت لهكاتی پشووهكاندا گۆرانی دەخوێند، هونهرمهندانی ژهنیار كه ئهو شهوه لهو ئاههنگهدا بهشداربوون بریتی بوون لهم هونهرمهندانه (ڕهنجبهر خۆشناو (كهمانچه )، ( شهریف سهلیم (ساز ) ،(سیروان عومهر (ئۆكۆردیۆن)، (زرار بهكر (ئیقاع )، (شاكر سابیر (كهمانچه) ، (فوئاد محهمهد فهقی (فوئاد ڕواندزی _ كهمانچه)، پشتیوان (بانگۆز) و بۆخۆشم ئازاد قهرهداخی (جومبوش).
پرسیار: ئەو ئاهەنگە وەک دەنگ و ڕەنگ تۆمارکراوە ؟
ئازاد قەرەداخى: ئەوەندەى بزانم وەک دەنگ ئهو شهوه كاك (نهوزاد قهصاب) خاوهنی تۆمارگای قهصاب ههڵگری دهنگ بوو واته ئەو تۆماری كرد، بەڵام وەک ڕەنگ و بەڤیدیۆ ئاگادارنیم، بەداخەوە دەتوانم بڵێم لاى هیچمان نییە ئەو ئاهەنگە تەنها لاى کاک نەوزاد قەصابە، ئەویش دواى ماوەیەک تۆمارگاکەى نەماو ڕووى لەوڵاتى ئەڵمانیا کرد.
پرسیار: بۆ گۆرانى چۆن هۆنراوە هەڵدەبژێرى و زیاتر تێکستى کام شاعیرى نەتەوەکەمان پێت خۆشە میلۆدییەکى ناسک بکەیتە گەردەنى؟
ئازاد قەرەداخى : زۆر عاشق و تامەزرۆى شیعرى جوانم، زۆر شیعرى شاعیرانم کردۆتە گۆرانى، لەگەڵ ڕێزو حورمەتم بۆ شاعیرانى گەورەى نەتەوەکەم، ناتوانم ناویان بەیان بکەم چونکە هەموویان گەورە و شایستەى بەرزنرخاندنن، کاتێک مەبەستم بێت هۆنراوەیەک بکەمە گۆرانى، کێوماڵێک بەدیوانى شاعیراندا دەکەم تاهۆنراوەیەک پەسەند دەکەم، دواى ئەوە چەند جارێک دەیخوێنمەوە تاکاریگەرى لەسەر هەست و سۆزم دادەنێت و دەبێتە خوڵقێنەرى ئاوازێک لە ڕۆحمدا، پاشان میلۆدییەک دەکەمە گەردەنى باڵاى جوانى هۆنراوەکەوە دەیکەمە گۆرانى و دەیخوێنم.
پرسیار: خوێندنەوەتان بۆ ئەم هونەرمەندانە:
(محەمەدى ماملێ، تایەرتۆفیق، حەسەن زیرەک، قادرى سەیاحى، وریا ئەحمەد)؟
ئازاد قەرەداخى: وەڵامەکەى بۆمن سەختە، بەڵام زۆر بەڕاشکاوانە دەڵێم، ئەو هونەرمەندانە هونەرمەندى گەورەى گەلەکەمانن لەبوارى دەنگ و ئاواز و ژەنینى موزیکدا، دەبێت لێم ببوورن هەرگیز مۆڵەت بەخۆم نادەم خوێندنەوە بۆئاستى بەرزى ئەو زاتە گەورانە بکەم، من زۆر لەوان چکۆلەترم ..! ئەو ناودارانە مێژوویەکى جوانییان نەخشاندووە و ناسنامەى هونەرى کوردین، هەموو یان دەنگێکى نازدار و چێژبەخش و دەست و پل و پەنجەیەکى گەوهەرییان هەیە، دەنگ و هونەرەکەیان لەگوێی خەڵکدا جێی گرتووە و بۆهەمیشە دەزرینگێنەوە، دروود بۆڕۆحى پاکیان و یادیان بەخێر، تەمەندارى و ژیانێکى پڕتەندروست بۆ مامۆستا وریا ئەحمەد دەخوازم، هونەرمەندێکى گەورەیە لەبوارى ژەنینى ئامێرى عود و و ئاوازدانان دا.
پرسیار: وەک ژەنیارى ئامێرى ڤیۆلۆن، بەدەست و پەنجەو ژێی ڤیۆلۆنى کام لەهونەرمەندانى نەتەوەکەمان سەرسامیت و کەوتبیتە ژێر کاریگەرى ژەنینەکەى؟
ئازاد قەرەداخى : سوپاس و پێزانینم بۆ دەست و پەنجەى ئەو هونەرمەندە دڵسۆز و خەمخۆرانەى لەدڵەوە لەخەمى هونەرى نەتەوەکەیاندابوون، ئێمە هونەرمەندى ژەنیارمان گەلێک زۆرە بەتایبەت لەسەر ئامێرى ( کەمان _ ڤیۆلۆن) هەریەکەیان جێگاى ڕێزن و مێژووەکەیان بەرزدەنرخێنم، بەڵام شتێکى ڕۆشن و ئاشکرایە نەک تەنها بۆ ئازاد قەرەداخى، بەڵکو بۆگشت خەڵکى کوردستان، مامۆستا و هونەرمەند (ئەنوەرقەرەداخى 1946 هەڵەبجە) پێگە و دەست و پل و پەنجەى ژەنینەکەى دیارە لەسەر مێژووى مۆسیقاى کوردى لەنیوەى پەنجاکانى سەدەى پێشووە تا ئەمڕۆ، خزمەتى لەوپێناوەدا بێ ووچان ڕۆشن و دەگەشێتەوە لەبوارى ژەنین، ئاوازدان و ئامادەو دابەشکردنى موزیک، من یەکێکم لەوانەى کە زۆر سەرسامم بەژەنینى ڤیۆلۆنەکەى مامۆستا ئەنوەر قەرەداخى، دەتوانم بڵێم لەبارى هونەرییەوە کاریگەرى لەسەر هەست و دەست و پەنجەم داناوە، هیواى تەمەندرێژى و ژیانێکى پڕتەندروستى و سەلامەتى بۆدەخوازم و بۆکورد و کوردستان و موزیکى کوردى هەربمێنێ.
پرسیار: دواى گەڕانەوەتان لەڕۆژهەڵاتى کوردستان، وەک فەرمانبەر گەڕانەوە سەرکارەکەتان؟
ئازاد قەرەداخى : وەک پێشتر ئاماژەم پێدا لەمانگى (10ـى ساڵى 2004) گەڕامەوە شارى هەولێر، بەڵێ لەساڵى (2005) گەڕامەوە سەرکارەکەم و بەفەرمانبەر دامەزرامەوە، بەهەمان گوڕو تینى جارانەوە خۆم و ئامێرە دڵخوازەکەم کەمان تێهەڵچوومەوە و کەوتمەوە سەر کارو تێکۆشانى هونەریی و دەوامکردن، لە ساڵى (2016 تا 2019) بەڕێوەبەرى بنکەى مەقام بووم لەشارى هەولێر، دواتر بە چەند مانگێک لە ڕێکەوتى (1/7/2019) بەپێى یاساى شارستانى تەمەن خانەنشین بووم، بەڵام لەکارى هونەریی هەربەردەوامم.
پرسیار: ساڵى چەند ژیانى هاوسەرگیریتان پێکهێناوە و چەند منداڵتان هەیە؟ ئایا هیچ لەجگەرگۆشەکانت نەبوونەتە ڕێبوارى ڕێگا پیرۆزەکەى بەڕێزتان؟
ئازاد قەرەداخى: بەڵێ لەتەمەنى (27) سالیدا واتە لەڕێکەوتى ( 23/12/1983) هاوسەرگیریم کردووە، پەرورەدگارى مەزن ( 4 کچ و یەک کوڕى) پێبەخشیوین بەناوەکانى ( بنار ، شکار ، تەلار ، هەوار و هەنار) ، ( هەوار و هەنار) هەردووکیان لەژیانى ئاوارەیدا لەڕۆژهەڵاتى کوردستان بەدنیا هاتوون،بەڵام هیچ لەمنداڵەکانم ئارەزوو و تینووى ڕێکارى هونەری نەبوون ، تەنیا (شکار) ى کوڕم ئەویش کەمێک دەتوانێ ئامێرى ڤیۆلۆن لێبدات ئەویش لەبەرئەوەیە ئارەزووى لەسەر نییە.
پرسیار : دواى بەسەربردنى ئەو چەند ساڵە لەرۆژهەڵاتى کوردستان و گەڕانەوەت بۆ باشوور، ئایا پەیوەندیتان لەگەڵ هونەرمەندانى ڕۆژهەڵات هەربەردەوام بوو ؟
ئازاد قەرەداخى: بێگومان وەک وەفایەک بۆ ئەو ماوەیە لەوێ ژیام، زۆر ڕێزیان گرتم ، درێژەم بەو پەیوەندییە دا ، دەتوانم بڵێم ماڵەکەم بۆتە ماڵى ئەو ئازیزانەو خۆیان خانەخوێن، بۆنموونە لەساڵى (2009) هونەرمەند محەمەد دانش تەشریفى هێنا بۆ شارى هەولێر لەخزمەتیدا بووم و لەڕێی منەوە چەند دیدارێکى هونەریی لەکەناڵەکان بۆ سازکرا ، هەروەها ساڵى (2010) هونەرمەند ( مستەفا جاویدان) ماوەى (9) رۆژ لەماڵەکەم لەخزمەتیدا بووم و بردم بۆ سێ پرۆگرامى هونەرى ، هەتا بمێنم خاوەن ماڵ نیم لەئاست ئەو خۆشەویستانەى ڕۆژهەڵات .
پرسیار : لەکۆتایی حەفتاکان مامۆستا ( هێمن موکریانى) شاعیرى بەرزى نەتەوەکەمان لەشارى هەولێر بووە، ئایا هیچ بەرکەوتەو دیدارتان لەگەڵیدا نەبووە؟
_ ئازاد قەرەداخى : سوپاست دەکەم یادەوەرییەکى زۆر خۆشت وەبیر هێنامەوە ، ئەدى چۆن سوپاس بۆ پەروەردگار بەخزمەتى گەیشتم و میوانداریشم لێکردووە ، لەڕێکەوتى ( 3/11/1978) شەوێک لەماڵى خۆمان لەخزمەتى ئەو شاعیرە مەزنە مامۆستا ( هێمن 1921_ 18/4/1986) دابووم ، تابڵێی شەوێکى خۆشى پر گاڵتەو گەپ و سەربوردەى خۆش و شیعر بوو ، مامۆستا هێمن ماوەى نیو کاتژمێر شیعرى خوێندەوە و منیش بە کەمانەکەم موزیک بۆ لێدەدا ، ئەو نیو کاتژمێرە دەنگییەى مامۆستا هێمن بەڕەحمەت بێ وەک ئەرشیف لاى خۆم پاراستوومە.
پرسیار : بەڕێزتان پەیوەندییە کۆمەڵایەتى و هونەرییەکەتان زۆر فراوان بووە لەگەڵ کەسایەتى و هونەرمەندان بەگشتى ، ئایا لەگەڵ هونەرمەند نەجمەدین ئاوارە پەیوەندیتان هەبووە ؟
_ ئازاد قەرەداخى : کاک نەجمەدین ئاوارە براى هونەرمەند زەکەریا عەبدوڵلا ، کەئێستا لەوڵاتى (کەنەدا) ژیان دەکات ، یەکێکە لە دەنگخۆش و هونەرمەندەدیارەکانى شارى هەولێر ، هاوڕێی تەمەنى لاویمە و هەتا ئێستا پەیوەندی برایانەمان هەیە ، زۆر پێکەوە بووین و هاوکارى یەک بوون و چەندین شەومان بەئاواز و گۆرانى بەڕێ کردووە، پێکەوە ئاوازمان داناوە تەنانە زۆر هەوڵم لەگەڵ دا تا فێرى ژەنینى ئامێرى عودم کرد و عودژەنێکى باشە ، خۆشم دەوێت و هەمیشە هیواى سەرکەوتن و بەردەوامى بۆدەخوازم.
وێڕاى سوپاس و پێزانین و ڕێز بۆ تۆى هونەرمەند ئازاد قەرەداخى ، زۆرمان ماندوو کردیت ، لەکۆتاییدا زانیارى یەک ماوە بەڕێزتان مەبەستان بێت ئاماژەى پێبدەن ؟
_ ئازاد قەرەداخى : ئەوەى ڕاستى بێت ئەگەر بەتەواوى هەموو ژیانى هونەری و تێکۆشان و چالاکییە هونەرییەکانم و ئەو بۆنە و ئاهەنگە نەتەوەیی و کۆنسێراتەى ئەنجامم داوە یان تێیدا بەشداربووم ، دەبێت چەندین کاتژمێرى بۆتەرخان بکەین ، بەڵام بەهەرحاڵ ئەوەندە بەسە با زیاتر کاتى خوێنەر داگیر نەکەین ، لێرەوە دەمەوێت ئەوەبڵێم سوپاس و ستایش بۆهەموو ئەو خۆشەویستان و ئازیز و هونەرمەندە دڵسۆزانەى هاوکارم بوون لەدەستپێکى کارى هونەریمەوە و توانیومە لەگەڵیاندا کارى هونەریی ئەنجام بدەم ، بۆمن جێی شانازین و مێژوویەکى پیرۆزە و هەمیشە بەرز دەینرخێنم ، هەروەها سوپاس و پێزانینم بۆ ئێوە بۆئەم دیدارە ، مەبەستانە دواى چەندین ساڵ ،لەساڵى (1972 تا 2026) کە دەکاتە ( 54) ساڵ لەخزمەتى هونەرى ئاواز و ژەنین و گۆرانى نەتەوەکەمدا بووم بە خوێنەران ئاشنا بکەن هەرهەبن.
سوپاس بۆ بەڕێزتان و هیواى تەندروست باشیی و بەردەوامبوونتان لەڕێگا پیرۆزەکەى هونەرى ئاواز و موزیک و گۆرانیدا بۆ دەخوازین.
جەمال عومەر ( جەمالى دەلاک ) 1/6/2026 سلێمانى .
سەرچاوە:
(1)پەیوەندى تەلەفۆنى لەگەڵ هونەرمەند و مامۆستا ( ڕەنجبەر خۆشناو) رۆژى یەکشەممە (31/5/2026) ( سلێمانى _شەقڵاوە) .
(*) پەیوەندى تەلەفۆنى لەگەڵ هونەرمەند (ئازاد قەرەداخى) لەڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (6/5/2026) ، دواتر هونەرمەند ئازاد قەرەداخى لە ڕۆژى پێنج شەممە ڕێکەوتى (14/5/2026) بەدەنگ وەڵامى پرسیارەکانى لەڕێی( واتساپەوە) بۆناردم ، وێڕاى دەستخشیی و ماندوونەبوونى هیواى بەختەوەرى بۆدەخوازم ، جەمالى دەلاک .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.