Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 02:42

مەحموود محەمەد: کار بە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەکەین بۆ ڕیکخستنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان

کوردستان TV
100%

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، کار بە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەکەن بۆ ڕیکخستنەوە و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە هەیە. دەشڵێت، پێویستە ڕێککەوتن بکرێت و ناکرێت عینادی هەندێک لایەن بەم شێوەیە بەردەوام بێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی حوزەیران، مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئێمە کار بە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەکەین و هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان شان بدەنە بەر ڕێکخستنەوە و چارەسەری ئەو کێشانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە و ئەو کێشانەیش کە لە حکوومەتی فیدراڵ ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

سەبارەت بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی، مەحموود محەمەد گوتی: تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوە دیاری نەکراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان خۆیان بە بەرپرسیار بزانن بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتەکان، بە لایەنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشەوە.

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: دەبێت ڕێککەوتن بکرێت بۆ ئەوەی ئەو بارە قورسەی لەسەر شانی هەموو لایەنەکانە پێکەوە ئەنجامی بدەین.

مەحموود محەمەد دەڵێت: ناکرێت ئەو بارودۆخە تا ئەبەد هەر وابێت و ناکرێت عینادی هەندێک لایەن بەم شێوەیە بەردەوام بێت. هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت بڕیار بدرێت دەرچەیەک بۆ دەرچوون لەم چەقبەستووییە بدۆزرێتەوە و ڕێککەوتن شتێکی باشە. هەروەها دووپاتی کردەوە هەموو لایەنەکان لەگەڵ چارەسەری کێشەکانن، بەڵام هەندێک جیاوازی لە چۆن و چەندایەتی هەیە.

لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، خەڵکی کوردستان لەم بارودۆخە ماندوو بووە و گوتی: خەڵک بۆ ئەوە دەنگیان بەم لایەنانە داوە کە سەرۆکایەتیی هەرێم و پەرلەمان و حکوومەت  پێکبهێنرێت، فشارەکانی خەڵکی خۆمان کەم نییە و ئەو چاوەڕوانییەی خەڵک هەیەتی زۆرە بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەکان بکرێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.