Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 11:08

شاندی دانوستانكاری ئێران و ئەمریكا گەیشتوونەتە رێككەوتن.. چاوەڕێی ڕەزامەندی دۆناڵد ترەمپ دەكەن

کوردستان TV
100%

بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان، شاندی دانوستانكاری ئێران و ئەمریکا چاوەڕێی ڕەزامەندی دۆناڵد ترەمپ دەکەن لەسەر ئەو چوارچێوە ڕێککەوتنەی کە لەنێوان هەردوولادا كراوە، بەگوێرەی رێككەوتنەكە ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ درێژ دەكرێتەوە.

میدیاكانی ئەمریكا بڵاویان كردۆتەوە كە شاندی دانوستانكاری ئەمریكا و ئێران گەیشتوونەتە یاداشتێكی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و هێورکردنەوەی دۆخەكە و دەستپێکردنی دانوستانەكان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمییەكانی ئێران.

بڵاوكردنەوەی ئەم زانیارییانە لەكاتێكدایە كە تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا یاخود بەرپرسانی باڵای ئێران لەمبارەیەوە نەدراوە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ماڵپەڕی (ئەکسیوس) لە خاڵێكی یاداشتنامەكەدا ئاماژە بەوەدراوە كە راستەوخۆ هاتووچۆ لە گەرووی هورمز بەبێ هیچ بەربەست یان پێدانی باج یاخود گێچڵپێکردن دەبێت، هەروەها ئێران پابەند دەبێت بە لابردنی سەرجەم بۆمبە چێنراوەكان لە ڕێڕەوە ئاوییەکاندا لە ماوەی 30 ڕۆژدا، لە بەرامبەریشدا ئەمریكا ئەو گەماڕۆیە لادەبات کە بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندوویەتی، هەروەها ڕێگە بە تاران دەدرێت نەوت بفرۆشێت لەژێر سایەی هەڵپەساردنی سزاکانی ئەمریکادا.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە یاداشتنامەکەدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە ئێران بەهیچ شێوەیەك نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، یەکێک لە یەکەمین بابەتەکانیش کە تاوتوێ دەکرێت چۆنیەتی گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەكانە بۆ دەرەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە ماوەی ڕابردوودا هەمیشە جەختی کردووەتەوە کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.