Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 19:47

دۆخەكە خەریكە تێكدەچێت.. ئێران دەڵێت "دانوستانەكان تەنیا هەڵخەڵەتاندنی ئەمریكا بووە"

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ پێنجشەممە بارودۆخی ئاگربەستی نێوان ئەمریكا و ئێران بەتەواوەتی ئاڵۆزی تێكەوتووە دوای چەند هێرشێك لەلایەن هەردوولاوە، میدیاكانی ئێران دەڵێن كە دانوستانەكان ئێستا و پێشووتریش تەنیا "هەڵخەڵەتاندنی ئەمریکا" بووە.

میدیاکانی ئێران لێدوانێكی فەرمی دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەیان گواستووەتەوە کە تێیدا رایدەگەیەنێت: ئەمریکا چەندین جارە ئاگربەست پێشێل دەكات لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر خاکی ئێران لە ماوەی دانوستانەكان و مۆڵەتی ئاگربەستەکەدا.

هەروەها هاتووە: سوپای ئەمریکا لە ڕێگەی گێڕانەوەی چیرۆكە چەواشەکارەكانییەوە، هەوڵ دەدات بیانوویەک بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ بدۆزێتەوە.

دووپاتیشی کردەوە کە: ئێران پێیوایە دانوستانەکانی ئێستا و پێشووتریش تەنها هەڵخەڵەتاندنی ئەمریکا بووە، بەڵام وەڵامیان بۆ ئەم هێرشانە دەبێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە هێرشێكی درۆنی لە ئاسمانی وڵاتی كوێت تێكشكێنرا كە بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان درۆنەكان لە خاكی ئێرانەوە ئاراستەكرابوون.

لەبارەی هێرشەكە سوپای پاسداران پێشتر لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاندبوو: سوپای ئەمریکا لە کاتەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممەدا هێرشی ئاسمانی کردبووە سەر خاڵێک لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەندەر عەباس.

دواتریش ئاماژەی بەوە داوە كە: هەر لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا وەڵاممان بۆ هێرشەكە هەبوو و ئەو بنكە ئاسمانییەی ئەمریكامان بۆردومان كرد كە هێرشەكەی لێوە ئەنجامدرا.

لای خۆشییەوە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لەبارەی هێرشەكان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی(ئێكس) ڕایگەیاندبوو كە سەرەتا ئێرانییەكان بە 5 درۆن هێرشەكەیان ئەنجامداوە و هەر 5 درۆنەكەش بەبێ زیان خراونەتە خوارەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە ئێرانییەكان خەریكبوون درۆنی شەشەم ئاراستە بكەن، بەڵام لە پێگەكە لەسەر زەوی لە بەندەر عەباس دراوە و تێكشكێنراوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.