Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 11:02

مەسرور بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا دەچێتە بەغدا

کوردستان TV
100%

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەفتەی داهاتوودا سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکومی دەکات بۆ شاری بەغدا بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاستبەرز لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، کە تێیدا چەندین پرسی ستراتیژی و گرنگ لەوانە کەرتی وزە، کارەبا و ئاسایشی کۆمپانیا نەوتییەکان لە پێشینەی کارەکان دەبن.

لەو سەردانەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەزموونی سەرکەوتووی پڕۆژەی (ڕووناکی) کە تایبەتە بە دابینکردنی 24 کاژێر کارەبا، دەخاتە بەردەم حکومەتی نوێی فیدراڵ. ئەم پێشنیازە هاوکارییە تەکنیکییەکان و گەیشتن بە تەکنەلۆژیای هەرێم لەم بوارەدا لەخۆ دەگرێت، تاوەکو یارمەتیدەر بێت لە خێراکردنی هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیران (زیدی) بۆ چاکسازی لە کەرتی کارەبای عێراق و سوودوەرگرتن لەو مۆدێلە سەرکەوتووەی لە هەرێم جێبەجێ کراوە.

تەوەرێکی دیکەی سەرەکی کۆبوونەوەکان، تایبەت دەبێت بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان. مەسرور بارزانی بەدواداچوون بۆ گەرەنتییە ئەمنییەکان دەکات تاوەکو کۆمپانیاکانی نەوت و گاز بتوانن دەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بکەنەوە. ئەم هەنگاوە دەکرێت توانای هەناردەکردنی عێراق بۆ زیاتر لە 500K بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە، کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بوژانەوەی ئابووری وڵات دەبێت.

هاوکات، سەرۆکی حکوومەت جەخت لەسەر پاراستنی ژینگەی کاری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەدات کە ناتوانرێت چاوەڕێی دەستپێکردنەوەی کارەکانیان لێ بکرێت لە کاتێکدا هەڕەشەی درۆنەکان لە ئاسماندا مابێت. دابینکردنی ئاسایش بۆ کێڵگە نەوتییەکان و کۆمپانیاکانی وزە، وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ هەر ڕێککەوتنێک و دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی هەناردە لە کۆبوونەوەکانی بەغدا دەخرێتە ڕوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.