بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسرائیل هۆشداری دەدەن کە ئەگەری هەیە ئێران پلان بۆ هێرشێکی کتوپڕی موشەکی و درۆنی دژی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو دابڕێژێت.
ڕۆژنامەی (Jerusalem Post) بڵاویکردەوە، بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسرائیل هۆشداری لە هێرشی کتوپڕی موشەکی و درۆنیی ئێران دەدەن ئەم مەترسییانە لە میانی کۆبوونەوەیەکی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە لەگەڵ ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری و بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئیسرائیل تاووتوێ کراون.
بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیل پێیان وایە تاران هەوڵ دەدات پێش ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل بگەنە ئەو بڕیارەی کە دیپلۆماسی کۆتایی هاتووە و بەرەو کردەی سەربازی بچن، گورزێکی کتوپڕ بوەشێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە دانوستانەکانی ئاگربەست لە نێوان واشنتۆن و تاران بەردەوامن، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە هەبوونی جیاوازیی بیروڕا لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆ دەکەن سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران.
سوپای ئیسرائیل پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکانی توندتر کردووەتەوە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشی و گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری لەسەر جووڵە نائاساییەکانی ئێران. ئەیال زەمیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئەمنی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان ئەنجامداوە و لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ ئەمریکییەکان بۆ هەماهەنگیکردنی هەر وەڵامدانەوەیەکی ئەگەری.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ناردنی کەلوپەل و پێداویستییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر پەرەسەندنێکی سەربازیی چاوەڕواننەکراو لە ناوچەکەدا دەبینرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.