Erbil 31°C شەممە 13 حوزەیران 13:20

"لیژنەیەكی باڵا بۆ لێكۆڵینەی لە رووداوی هێرشكردنە سەر سعوودییە و ئیمارات پێكهێنراوە"

کوردستان TV
100%

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد كە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیدا لیژنەیەكی باڵایان بۆ رووداوی هێرشی درۆنی بۆ سەر سعوودییە و ئیمارات پێكهێنراوە.

عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) رایگەیاند: دووبارە ئیدانە و سەرکۆنەی ئەو کارە تاوانکارییە دەکەینەوە کە هەردوو وڵاتی برای شانشینی سعوودییە و دەوڵەتی ئیماراتی کردە ئامانج.

راشیگەیاندووە: ڕێنماییمان داوە بە ئاشکراکردنی لایەنە شاراوەکانی ئەم هێرشە تاوانکارییانە، لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا پێکهێنراوە.

عەلی فالح زەیدی هەروەها رایگەیاندووە: جەخت لە گرنگی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ براکانمان لە هەردوو وڵات دەکەینەوە، بە ئامانجی بینینی سەرجەم بەڵگەکان و ئەوەی دەیسەلمێنێت کە خاکی عێراق لەم دوو هێرشەدا بەکارهاتووە، ئەمەش بۆ گرتنەبەری تەواوی ڕێکارە ئەمنی و یاساییەکان دژی ئەوانەی تێوەگلاون.

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە: جارێكی دیكە دووپاتی دەکەینەوە كە بەهەموو شێوەیەك بەكارهێنانی خاک و ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی برا و دۆست رەت دەكەینەوە، هەروەها جەخت دەکەینەوە کە عێراق ناوچەیەکە بۆ بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.

وەزارەتی بەرگریی هەردوو وڵاتی سعوودییە و ئیمارات رایانگەیاندبوو كە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لەناو خاكی عێراقەوە بە درۆن هێرشكراوەتە سەر وڵاتەكانیان.

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات بەفەرمی رایگەیاندبوو: رۆژی یەكشەممەی رابردوو بە سێ درۆن وێستگەی ئەتۆمی بەراكە لە شاری ئەبوزەبی كرایە ئامانج، درۆنەكان لەناو خاكی عێراقەوە ئاراستەكرابوون.

بەهەمانشێوە رۆژی یەكشەممەی رابردوو وەزارەتی بەرگریی سعوودییە رایگەیاندبوو: بەرپەرچی سێ درۆنمان دایەوە كە لەناو خاكی عێراقەوە ئاراستەی وڵاتەكەمان كرابوون.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.