دەوڵەتی ئیمارات ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە خاکی عێراقەوە ئەنجام دراون، کە یەکێکیان یەکشەممەی ڕابردوو وێستگەی وزەی ئەتۆمیی (بەرەکە)ـی کردە ئامانج.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی ئایار، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، "ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو بە توندترین شێوە سەرکۆنە و ڕەتکردنەوەی ڕەهای خۆی بۆ ئەو هێرشە تیرۆریستییە تاوانکارییانە دەردەبڕێت کە لە خاکی عێراقەوە سەرچاوە دەگرن و دامەزراوە مەدەنییە هەستیارەکانی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو دەکەنە ئامانج، کە ئەمەش پێشێلکارییەکی زەقە بۆ سەروەری و کایەی ئاسمانییان و بەزاندنێکی ڕوونی بڕگەکانی یاسای نێودەوڵەتی، یاسای مرۆییی نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە".
هەروەها وەزارەتەکە جەختی لە پێویستیی پابەندبوونی حکوومەتی عێراق کردەوە بە ڕێگریکردن لە سەرجەم ئەو کارانەی لە خاکەکەیەوە ئەنجام دەدرێن، هاوکات پێویستە مامەڵەیەکی بەپەلە، دەستبەجێ و بەرپرسیارانە لەگەڵ ئەو هەڕەشانەدا بکرێت بە جۆرێک کە لەگەڵ یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتی و هەرێمییە پەیوەندیدارەکاندا یەکبگرێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات جەختی لە گرنگیی گێڕانی ڕۆڵی عێراق کردەوە لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، بە شێوەیەک کە سەروەرییەکەی بپارێزێت و پێگەکەی وەک هاوبەشێکی کارا و بەرپرسیار لە ژینگەی هەرێمیی خۆیدا بەهێزتر بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.