Erbil 31°C دووشەممە 22 حوزەیران 17:01

شێخ قابیل شێخ حەسیب تاڵەبانى

کوردستان TV
100%

شێخ قابیل شێخ حەسیب تاڵەبانى

(1930_ 11/9/1987)

ئەو گەرووەى بۆیەکەم جار میلۆدى ( نەمام نەمام) ى چڕیوە ..!

ئەوە ئەرکى هەمووانە بەمەبەستى بەدیکۆمێنتکردن و ئەرشیفکردنى هونەرى ئاواز و گۆرانى کوردى گەڕان و بەدواداچوون بکەین بۆ ساغکردنەوە و گەڕاندنەوەى خاوەندارێتى ئەو میلۆدیانەى بۆ یەکەمجار لەهەست و سۆزو گەرووى ئەو دەنگخۆشانەوە خوێندراون ئەویش بەپێی ساغکردنەوە و بەڵگەى دروست نەک بەئەگەر !، لەم چەند ڕۆژەى پێشوو لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک لەئەکاونتى بەڕێز ( شیروان کەرکوکى) بابەتێک کەوتە بەرچاوم بەناوى (شێخ قابیل تاڵەبانی، خاوەنی ڕاستەقینەی گۆرانی نەمام نەمامە ) ، هەرچەندە پێشتر لەڕێى نووسینێکى مامۆستا و هونەرمەند و نووسەر( باکوورى) ئەو زانیارییەم بەرچاو کەوتبوو، بەڵام نووسینەکەى بەڕێز ( شیروان کەرکوکى) پشتڕاستى ئەو زانیارییەى کردۆتەوە، کە ئەو گۆرانییە ( نەمام نەمامە) خاوەندارێتى بۆ ئەو کەسایەتیە دەگەڕێتەوە، بەپێویستم زانى بگەڕێم بەدواى زانیارى دەربارەى ژیان و کارە هونەرییەکانى ( شێخ قابیل شێخ حەسیب تاڵەبانى ) تا خوێنەران ئاشنا بن بەو کەسایەتییە و مێژووى تێکۆشانى هونەریی و چۆنیەتى تۆمارکردنى ئەو گۆرانیەو چەند گۆرانییەکى دیکە لەڕادیۆى کوردى بەغداد،لێرەدا پرسیارێک بەرجەستە دەبێت بۆ ئەو هونەرمەندە بەناوى خۆیەوە بەرهەمە هونەرییەکانى بڵاونەکردۆتەوە، بەپێ سەرچاوە کارە هونەرییەکانى لەژێرناوى ( بێ ناو _ مەریوانى) بڵاوکراونەتەوە؟!

شێخ قابیل شێخ حەسیب تاڵەبانى کێیە؟

شێخ قابیل ، زادەى ناوچەى گەرمیان و لەبنەماڵەیەکى ئایینى و خاوەن تەکیە و دیوەخان و ڕۆشنفکر و هونەر دۆست بەدنیا هاتووە و گەشەى کردووە،

قابیل شێخ حەسیب شێخ عەلى تاڵەبانى، لەساڵى (1930) لەناحیەى (لەیلان) ى سەربەپارێزگاى کەرکوک چاوى بەدنیا هەڵهێناوە، شێخ حەسیب شێخ عەلى تاڵەبانى ( 1886_1948) باوکى شێخ قابیل، کەسایەتیەکى دیار و خاوەن موڵک و دیوەخان بووە لە لەیلان و ناوچەکە، پیاوێکى  لەسەرخۆ و خۆش مەشرەب و ڕۆشنبیر بووە، زۆر حەزى لەگۆرانى کۆڕى بەزم و هونەر بووە، ماوەیەک بەڕێوەبەرى( تموین) و دوایی بۆتە بەڕێوەبەرى ناحیەى ئەم شوێنانە ( قەرەحەسەن، قەرەتەپە، مەخمور و ئاڵتون کۆپرى)، پاشان بۆتە قایمقامى ( دهۆک ، ڕواندز ، چەمچەماڵ و سلێمانى) (1).

لەمێژووى هونەرى موزیک و مەقام و بەستەى کوردیدا، دیوەخان و تەکیە و خانەقاکان بوونەتە سەرچاوەى دەرکەوتن و پێگەیشتنى بەهرەمەند و دەنگخۆشان، لەوانەیە لەهەموو دەڤەرەکانى کوردستان ئەو نموونانە زۆربن، بەڵام دوو دیوەخان بەنموونە دێنمەوە کە خزمەت و هاوکارى و دەستگیرۆیی زۆریان بەو دەنگخۆشانە کردووە، نموونەى یەکەم دەچینە شارەکەى کۆیە، لەم شارە خنجیلانە دەوڵەمەندەدا کەسایەتیەکى دیار هەبووە، عاشقى وێژەو هونەر و دەنگخۆشان بووە، دیوه‌خانەکەی مه‌ڵبه‌ندێكی پڕبایەخى وێژه و هونه‌ر بووه، ئەویش ( ئه‌خته‌ری شاعیره‌ ( ئه‌مین ئاغای به‌كراغای محه‌مه‌د ئاغای حه‌وێزی 1839 _ 1888 كۆیه‌ ) .

(ئه‌خته‌ر ته‌نیا شاعیر نه‌بووه، به‌ڵكو هونه‌روه‌رێكی ڕه‌سه‌نی مۆسیقا و گۆرانی بووه، ئاوازی بۆ هه‌ندێ شیعری كوردی داناوه، جگه له‌وه‌ی شیعری خۆی، كه ده‌كه‌وته به‌ر ده‌نگی گۆرانیبێژان ئاوازه‌كانیان له لایه‌ن شاعیره‌‌وه داده‌نران، هه‌روه‌ها هه‌ندێ جار بۆ ئاوازێكی دیاریكراو شیعری هۆنیوه‌ته‌وه، بایه‌خی به ‌گۆرانی و سروودی میللیی (فۆلكلۆری) داوه)(2).

نموونەى دووەمیشمان : تەکیەى تاڵەبانى و دیوەخانەکەى شێخ حەسیب تاڵەبانى بووە لە لەیلان ، مامۆستاى بەستە و مەقاماتى کوردى( عەلى مەردان 1904_ 24/7/1981) دەفەرمووێت ( لەیلان گوندێک بوو لەگوندەکانى عەشرەتى تاڵەبانى، شێخ حەسیبى تاڵەبانى کوڕى شێخ عەلى خاوەنى تەکیەى کەرکوک بوو، لەگرەکانى دادەنیشت و سەرۆکاریی موڵک و زەوى و زار و کاروبارەکانیی دەکرد، شێخ دیوەخانێکى باشیی هەبوو، ڕۆژانە پیاوانى دێ هاموشۆیان دەکرد بەتایبەت ئێواران دواى نوێژ کە دەستیان لەکارو فرمان هەڵدەگرت و ئارامیی باڵى بەسەر هەموو لایەکدا دەکێشا مەجلیسەکە گەرم دەبوو، لەم ئێوارە کۆڕانەدا دەست بەباس و خواسى کاروبارى گوندەکە و ژیانى ڕۆژانەى ئەوخەڵکە دەکرا، خێرا خێرا شێخیش ڕاوبۆچوونى خۆى دەهاویشتە نێو باسەکانەوەو دوایی دەنگ و باسیی دەوروبەرو دنیا دەگێڕایەوە ، پاش هەموو ئەمانە دەست دەکرا بە گوێگرتن لەگۆرانى وئاوازى ڕەسەنى کوردى دەوروبەر، لەدیوەخانەکەى شێخدا دوو دەنگخۆش هەبوون ،بەڕاستى لەگۆرانى وتندا وەستابوون، بەتایبەت ئاوازە ڕەسەنەکانى گەرمیان ،

یەکیان (خدر بارام چاوش) کە خەڵکى هەرئەو دەوروبەرە بوو، ئەوى تر (کامیلى تەپەلۆیی) کەخەڵکى ئاوایی (تەپەلۆ) ى ئەولاى لەیلان بوو، هەریەک لەم دووانە جۆرێکى تایبەت لەئاواز و گۆرانى خۆى دەوت و تێیدا شارەزابوون) (3).

کەواتە ئەو ژینگەیەى دیوەخانەکەى باوکى بۆتە هۆکارى ئەوەى کە شێخ قابیل لەتەمەنى منداڵییەوە لەناو سۆز و ئاوازى مەقام و بەستە و دەنگخۆشانى گەرمیان دا گەشە بکات و ڕۆژەکانى ژیانى بەڕێ بکات ، هونەرمەندشێخ قابیل حەسیب تاڵەبانى دەڵێت ( هەرلەمنداڵییەوە چاوم کردەوە، هەرلەنێو گۆرانیبێژ و کۆڕەکانى مەقاماتدا گەورەبووم ، زۆربەى ئەم مەقامانەم لەنێو ئەڵقەى زیکردا وەرگرتووە ، لەنێو ئەڵقەى زیکرى دەروێشى ( قادرى) بەڵام مەقامەکانى ( ئەڵڵاوەیسى ، قەتار ، خاوکەر خورشیدى ، ئاى ئاى ، نیمە شەوى ، غەمەنگێز و عەجەم) ئەمانە لەگۆرانیبێژەکانەوە وەرمگرتووە و فێربوومە) (4).

لەتەمەنى منداڵییەوە هونەرمەند هەست بەتوانا و بەهرەى دەنگخۆشیی کراوە و ئەو ژینگەیەى دیوەخانەکەى باوکى بەردەوام کەمەندکێشى کردووە تا ئاشنا بێت بە مەقامە ڕەسەنەکان و بەستە چێژ بەخشەکانى ناوچەى گەرمیان.

شێخ قابیل لە قۆناغەکانى خوێندن بەردەوام بووە تا بەدەستهێنانى بڕوانامەى پێنجى زانستى، چونکە لەوسەردەمەدا قۆناغى ئامادەیی تا پێنجى زانستى  بووە، دواى ئەوە دەبێتە کارمەندى میرى و لەکۆمپانیاى نەوتى کەرکوک دادەمەزرێـت، شێخ قابیل دەڵێت (31) ساڵ لەکۆمپانیاى نەوتى کەرکوک بەناوى ( نیگارکێش و دیزاینکارى ئەندازە) کارم کردووە و ئێستا خانەنشینم ، شەش منداڵم هەیە ، سیانیان لەزانکۆى بەغداد دەخوێنن) (5).

شێخ قابیل  لەتەمەنى مێردمنداڵییەوە جیا لەدەرکەوتنى بەهرەى دەنگخۆشیی و قاڵبۆوە لەدنیاى مەقامامات و بەستە کەڕۆژانە لەڕێی دەنگخۆشەکانى دیوەخانەوە خۆیان ئاخنیوەتە گوێ و هەستى هونەرمەندەوە، لەوتەمەنەدا حەزو خولیاى بۆ ئامێرەکانى موزیک هەبووە و ئارەزووى بووە کە شارەزایی هەبێت لەژەنینى ئامێرێکى مۆسیقا،

( تەمەنم نزیکەى دوازدە بۆ سیازدە ساڵان بوو، عوودێ کۆنم دەستکەوت و چاک و ڕاستم کردەوە و خەریکى بووم،دوایی بەنامە گۆڕینەوە لەگەڵ کەسانێکى وڵاتى ( میسر _ قاهیرە) فێرى (نۆتە) نووسین بووم، دوایی پێوەندیم لەگەڵ کەسانى شارەزاى نێو کەرکوک و بەغداد کرد، لە کەرکوک کوڕێ مەسیحایی هەبوو ناوى ( جۆرج حەیالیی) بوو،ئەمە لەنۆتەدا گەلێ شارەزا بوو، سێ مانگێک هاوموشۆییم کرد، لەپاش ئەوە لەڕادیۆکانى گێتییەوە( عارەبیی ، فارسیی) زانین شارەزاییم پەیداکرد، هەروەها لەگەڵ کەسانى بەتوانا و شارەزاوە زانیاریم وەرگرت، لێدانى سازى عوود، کەمانچە، شمشاڵ، زوڕنا، دووزەلەو تەپڵ دەزانم ) (6).

شێخ قابیل شێخ حەسیب تاڵەبانى و تۆمارکردنى گۆرانى لەڕادیۆى کوردى بەغداد ....!

بەهۆى کارو پیشەکەیەوە شێخ قابیل لەشارى کەرکوک نیشتەجێ دەبێت، ئەوەش دەبێت خاڵێکى گرنگ لەژیانى هونەریی و تێکەڵاوبوون و ئاشنابوونى زیاتر بە هونەرمەندان و دەنگخۆشانى ئەوشارە،هونەرمەند بیر لەوە دەکاتەوە بڕواتە بەغداد بۆ تۆمارکردنى گۆرانییەکانى لەڕادیۆى کوردى بەغداد، کاتێک دەچێتە ڕادیۆى کوردى بەغداد لەڕێی لیژنەیەکەوە دەنگ و هونەرەکەى تاقیدەکرێتەوە لەوسەردەمەشدا لیژنەکە پێکهاتوون لەم هونەرمەندانە ( جەمیل بەشیر 1921  موصڵ_22/9/1977 لەندەن)، ( مونیر بەشیر  1928 موصڵ_28/9/1997) و ( غانم حەداد 1925بەغداد_17/5/2012 عەمان/ ئەردەن) لێرەدا دەبێ بگەڕێینەوە بۆ خودى هونەرمەند کەى چووە بۆ ڕادیۆ و لیژنەکە چییان پێوتووە ( لەساڵى (1950) بەئەم لاوە نزیکەى (16) گۆرانیی و مەقامم لە وێستگە _ ڕادیۆى عێراق و بەشیی کوردییدا تۆمارکرد، ئەمانە بەتایبەتى لەئاواز و مۆسیقەى خۆم بوون، لیژنەى مۆسیقا کە ( جەمیل بەشیر و مونیر بەشیر و غانم حەداد ) بوون، ئەو کاتە زۆریان پەسەندکردم و گوتیان( تۆلەوانە بەرزترى کەلەمەعهەدى فنوونى جەمیلە دەردەچن) .

ئەم گۆرانییانەى کە تۆمارم کردن ،مەخابن ئەوکاتە ئامێرى تۆمارکردن نەبوو وەک ئێستە لەسەر (قەوان) تۆماریان دەکرد ، ئەم قەوانانە لەپاش چەندساڵێک هەمووى سوواو بێ کەڵک بوون و بڵاوکردنەوەى نەما و بڕدرا.

لەوێستگەوە زۆرجار گوێگرەکان داوایان دەکرد و وەڵامى وێستگەش ئەمە بوو( لێمان ببوورن ئەم قەوانانە کۆن بوون کەڵکى بڵاوکردنەوەیان نەماوە) ئەم گۆرانییانەم ئەو کاتە بەناوى( بێ ناو) وەوە بڵاودەکرانەوە؟!

لەوەڵامى پرسیارێکى نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکار( کەمال ڕەئووف محەمەد) دەربارەى  گۆرانییەکان هونەرمەند شێخ قابیل دەلێت  :

( قەوانەکان هێندە لێ دەدران خراپ و پاکۆ دەبوون، دوایی ناردیان بەدوامدا دووبارە چوومەوە لەسەر شریت کەتازە هەڵکەوتبوو تۆمارم کردنەوە، گۆرانییەکان زۆرن و هەموویان ئاوازى خۆم بوون) (7).

 هونەرمەند شێخ قابیل، شارەزاییەکى باشیی هەبووە  لە ناسین و خوێندنى مەقامە کوردیی و عێراقییەکان  و هەروەها تورکمانى، ئەو گۆرانییانەى لەڕادیۆى کوردى بەغداد خوێندوونى و تۆمارکرى کردوون هەموویان ئاوازى خۆى بووە و سوودى لەتێکستى فۆلکلۆرى نەتەوەکەیی و شیعرى شاعیران وەرگرتووە، لەپاڵ ئەوەشدا نایشارێتەوە هونەرمەند دەڵێت ( ئاوازم داناوە  بۆ مامۆستا (خالید دلێر 20/8/1933_16/11/2011 ) ،( مەحمود وەندى و وریا محەمەد و چەندگۆرانیبێژێکى دیکەى کەرکوک) (8).

شێخ قابیل شێخ حەسیب تاڵەبانى  و گۆرانى نەمام نەمامە..!

گۆرانى ( نەمام نەمامە) یەکێکە لە میلۆدییە خۆشەکانى نێو دنیاى ئاواز و بەستەى کوردى، تائێستا چەندین هونەرمەندى دیکە ئەو گۆرانییەیان دووپاتە کردۆتەوە هەریەک بەشێواز و تایبەتمەندى گەرووى خۆى چڕیویەتى، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین هەرکاتێک گوێ بیستى دەنگە بەسۆزەکەى هونەرمەندى شارى هەولێر هونه‌رمه‌ند( شه‌وكه‌ت سه‌عید حاجی برایم ئاغای دێریی‌ ، ناسراو بە مشكۆ  ( 1908 _ 18/5/1989)  ببین کاتێک مەقامى (لەپاش مەرگم) لەهۆنراوەى ( ئەختەرى شاعیر) دەخوێنێ، ڕاستەوخۆ میلۆدى گۆرانى نەمام نەمامە خۆى دەکات بەناو هەست و ڕۆحماندا و لەگەڵ تەواو بوونى مەقامەکە مشکۆ بەستەکەى نەمام نەمامە یە، بەداخەوە زۆر لەو میلۆدییە ڕەسەن و ناوازانە کەلەناو هەست و ڕۆحى هەوادارنى هونەردا جێگەیان گرتووە، نازانین یان لامان ڕۆشن نییە کە خاوەنى میلۆدییەکە کێیە؟! بەبێ ئەوەى خۆمان ماندووبکەین دەڵێین ( فۆلکلۆرە) .

هەرچەندە گۆرانى نەمام نەمامە زیاتر لەڕێی دەنگ و هونەرى هونەرمەندى ڕەوانشاد (مشکۆ)  کەوتۆتە بەرگوێی بیسەران و گوێگران، جێی داخە بەدەنگى هونەرمەند شێخ قابیل زیاتر نەکەوتۆتە بەرگوێی جەماوەر، چونکە لەوسەردەمەدا تۆمارکراوە و لەڕێی ڕادیۆوە بڵاوکراوەتەوە لەوانەیە بەپێی پێویست نەگەیشتبێتە گوێگر، هۆکارى دووەمیش هونەرمەند بەناسناوى( بێ ناو _مەریوانى) ناوبراوە و خاوەن دەنگەکە بەگوێگر نەناسێنراوە؟! ،  بەداخەوە ئێستا ئەرشیفى  ئەو ڕادیۆیە دیارنییە؟! گوایە دەڵێن گۆرانییەکان وەک ئەرشیف لەلاى خانەوادەکەیان پارێزراوە .

مێژووى تۆمارکردنى گۆرانى نەمام نەمامە ...!

پێشتر هونەرمەند ئاماژەى پێداوە و دەڵێت  گۆرانییەکان زۆرن و هەموویان ئاوازى خۆمن، یەکێک لەو گۆرانییانە، گۆرانى نەمام نەمامە،  هونەرمەند بەیەقینەوە وەڵامى پرسیارەکانى ( کەمال ڕەئووف محەمەد) دەداتەوە دەڵێت ( نەمام نەمام لەئاوازى خۆمە هێندێ کەس بەفۆلکلۆرى ناودەبەن، فۆلکلۆر نییە خۆم دامناوە، بەڵام هەڵبەستەکەى فۆلکلۆرە ) (9).

بەڕێز (شیروان کەرکوکى ) لەتوێژینەوەکەیدا دەڵێت :

( شێخ قابیل تاڵەبانی لە ساڵی (1953)  دەچێتە ئیزگەی کوردی ڕادیۆی بەغدا (8) گۆرانی تۆمار ئەکات یەکێک لەوانە ( نەمام نەمام )ە ، کەچی هونەرمەند مشکۆ لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکان لە یەکێک لە دانیشتەکان ئەو گۆرانییە تۆمار ئەکات بە دەنگی خۆی) (10).

بۆ دەرخستنى زانیارى زیاتر و خاوەندارێتى میلۆدى ئەو گۆرانییە هانا بۆ نووسینێکى مامۆستا و هونەرمەند و نووسەر (  ئەندریۆس ئیسرائیل خەمۆ، ناسراو بە باکوورى  5/11/1928_2/11/2022) دەبەم، باس لەسەرەتاى ناسینى خۆیی و هونەرمەند مشکۆ دەکات و  نووسیویەتى ( شەوێکى زستانى ساڵى (1958) لە کۆیە کە (مشکۆ) م لەماڵى مامۆستا خەلیل خۆشناو دیت و یەکترمان ناسیی،دوایی کاک مشکۆ گەرم بوو وتى : چیت بۆ بڵێم ؟  من وتم حەز ئەکەم خۆت ئەوەى حەزى لێ ئەکەى و خۆشە بۆمان بڵێ ،مشکۆ یەکسەر دەستى کرد بەچڕینى مەقامێکى بەیات و ئینجا بەستەکەى  ( نەماڵم دەوێ نەگەنجى دونیا، ئەى هاوار نەمام) !

هەڵبەتە ئەم بەستەیەم گوێ لێ بووبوو لەدانەرەکەى ( شێخ قابیل تاڵەبانى) بوو، کاتى خۆى لەئێزگەى ڕادیۆى کوردى لەساڵى (1953) تۆمارى کردبووو چەندجارێکیش لەکەرکوک لەگەڵ شێخ قابیل دانیشتبووم و عودێکى چاکیشى لێ ئەدا،بەستەکەشى بەناوى(بێ ناو) تۆمارکردووە و ئێستاش ماوە و جاروبار لەئێزگەى بەغداى کوردییەوە پەخش ئەکرێ ) (11).

 بۆزیاتر ڕوونکردنەوە دەربارەى مێژووى تۆمارکردنى گۆرانى نەمام نەمامە بەدەنگى هونەرمەند (مشکۆ) ،تا بۆمان ڕۆشن بێت کامیان پێشتر خوێندوویەتى، بەمەبەستى وەرگرتنى زانیارى دروست پەیوەندیم بە دوو کەسایەتى لەشارى هەولێر کرد، هەردووکیان خاوەنى تۆمارگا بوون و ئەرشیفێکى بەنرخ و دەوڵەمەندیان هەیە( جیهان بەخش کۆیی و ئەمجەد ئەسعەد) کرد ، بۆیەکەمجار هونەرمەندى قۆریات و بەستە(مشکۆ) لەدواى شۆڕشى (14ى تەمووزى ساڵى 1958) واتە لەوەرزى هاوینى ئەو ساڵە لەشارى (موصڵ) بۆیەکەمجار گۆرانى نەمام نەمامەى خوێندووە، چونکە لەناو ئاهەنگەدا باس لە(عەبدولکەریم قاسم) دەکات، کەواتە ئەوەش بەڵگەیەکى دیکەیە دواى (5) ساڵ لەخوێندنى شێخ قابیل شێخ حەسیب ساڵى(1953) ، هونەرمەند مشکۆ ئەو گۆرانییەى خوێندووە.

لەڕێی وشە سازیی و تێکستى گۆرانییەکەوە ئەوەش بەڵگەیەکى دیکەیە کەپەیوەستى دەکاتەوە بە ناوچەى گەرمیانەوە (شیروان کەرکوکى ) نووسیویەتى  :

( لە ڕووی جۆری ئاواز و هۆنراوە و مۆرکی نەوای گۆرانییەکە ئاشکرایە سەر بە ناوچەی گەرمیانە و هیچ پەیوەندییەکی بە جێگایەکی ترەوە نیە لە ڕووی مەقام و سەلیقەی هەڵبژاردنی ئاواز .
هۆنراوەی گۆرانییەکە و جۆری ووشە و دەستەواژەکان ئەیسەلمێنێ کەوا مۆرکی ناوچەی گەرمیانە و لە جێگایەکی ترەوە بەرهەم نەهاتووە  بڕوانن ...
(نەمام نەمامە ، نەمام زۆر جوانە
بووکی لەیلانە ، بۆ من هەرزانە)
ووشە و ناوی ( لەیلان ) کەوا مەبەستی ناحیەی لەیلانە لە ناوچەی قەرەحەسەن لە پارێزگای کەرکوک کەوا شوێنی لە دایکبوونی شێخ قابیل تاڵەبانییە )(12).

 جیا لەو گۆرانییە هونەرمەند چەند گۆرانییەکى لەڕادیۆى کوردى بەغداد تۆمارکردووە ،مامۆستا (باکوورى) لەکتێبى (ئێزگە) دا ئاماژەى بە(9) گۆرانى داوە بەنەمام نەمایشەوە بەناوى ( بێ ناو) گۆرانییەکان بریتین لە ( ئەى هاوار نەمام ،بڵێن بەیار ،دڵى بردم ،نەشمیل،چاوێ هەڵبێنە، ئەسمەر ،تۆزێ لەنجەولار(هۆنراوەى شێخ سەلامى شاعیر) ، بولبول و بڵێن بەونازەنینە) (13).

دواى ئەو دووجارە چوونى هونەرمەند شێخ قابیل شێخ حەسیب تاڵەبانى بۆ ڕادیۆى کوردى بەغداد، جارێکى دیکە نەچۆتەوە ڕادیۆ بەمەبەستى تۆمارکردنى گۆرانى ، بەداخەوە ئەو تواناو بەهرەهونەرییە لەو چەند بەرهەمەدا کۆبکەیتەوە و چیدیکە بەرهەمى  هونەرى نەخەیتە سەرخەرمانى گەنجینەى ئاواز و گۆرانى کوردى ، دیارە ئەوەش هۆکار و گرفتى خۆى هەبووە ، دەبێت لەبەر هۆکارى کۆمەڵایەتى و تێڕوانین و خوێندنەوەى خەڵک بۆ هونەر و هونەرمەندان ، جارێکى دیکە دەگەڕێمەوە بۆ ئەو دیدارەى نێوان  (کەمال ڕەئووف محەمەد و شێخ قابیل) لەوبارەیەو دوورکەوتنەوەى لەگۆرانى خوێندن دەڵێـت (  بەڕاستى ئەوکاتە بەچاوێکى سووکەوە سەیرى گۆرانیبێژیان دەکرد)

یەکێک لەهۆکارەکانى دیکە ئەویش چاوەڕێکردن و بێزارکردن بووە ( کەدەچووم بۆ ڕادیۆ ، لەئەوێدا نزیکەى دە ڕۆژ منیان دوا دەخست ، ئەم ڕۆژە ، سبەیی ، سبەیی و دووسبەیی، ئەفەندم پراوە نیە؟! کوڕە تیمى مۆسیقى نەهاتووە! وێڕاش ئەوپارەیەى دەیان دا ، پیاو ڕاستگۆیانە قسە بکات خەرجییەکەى دەر نەدەهێنایەوە) (14).

ئەو بێزارکردن و دڵ شکانە بۆتە هۆکارى ئەوەى کە جارێکى دیکە نەچێتەوە ڕادیۆ و لەدنیاى  هونەرى گۆرانى و مەقام دووربکەوێتەوە ، هەرچەندە لەو دیدارەدا ئاماژە بەبەرهەمى نوێش دەدات کە هەیەتى و تواناى دەنگى زۆر لەجاران باشترە، بەداخەوە بڕیارى کۆتایی داوە کە جارێکى دیکە  گۆرانى  نەخوێنێ ،

هونەرمەند شێخ قابیل تالەژیاندا بووە  چاوەڕێی دەنگخۆشێک بووە  کە شارەزایی لەچڕینى گۆرانى دا هەبێت تا کارە نوێیەکانى لەئاوازى خۆى بووە بیداتێ و بیخوێنێ ، ( دوێنێ دوسێ گۆرانیبێژ هاتن بۆلام ، بەڵام دەنگیانم پەسەندنەکرد، دەنگیان بەرگەى ئەو گۆرانییانەى نییە کەدام ناون، چونکە زۆریان بەرزیی و نزمییان تێدا هەیە، قەرار و جوابیان گەرەکە و نەیان دەتوانى و خۆشیان دانیان پێ دادەنا) (15).

هونەرمەند شێخ قابیل لەگەڵ خاتوو ( سورەییائەحمەد ساڵح خەفاف) ژیانى هاوبەشى پێکدێنێ و بەرووبوومى ئەو ژیانە هاوبەشە ( 8) جگەرگۆشەیە ، (4 کەنیشکە و 4کوڕ) ، هەرچەندە خودى هونەرمەند لەدیدارەکەیدا ئاماژە بە (6) منداڵ دەدات ، چونکە دیدارەکە لەساڵى (1978) ئەنجامدراوە .

جێی داخ و پەژارەیە ئەو توانا هونەرییەو  شارەزاییە لە مەقام و بەستە چیتر ناتوانێت خزمەت بکات  بەهۆى نەخۆشییەوە ، شێخ قابیل دواى دووچاربوونى بە (جەڵتەى مێشک) لەڕێکەوتى ( 11/9/1987) لەنەخۆشخانەى ئازادى شارى کەرکوک لەتەمەنى ( 57) ساڵیداخۆرى تەمەنى ئاوادەبێت  و بۆهەمیشە چاوەکانى لێک دەنێ و ژیانئاوایی لەخانەوادەو بنەماڵە و لەیلان و شارى کەرکوک  و دنیاى ئاواز و موزیک و مەقام و بەستە دەکات ، تەرمى هونەرمەند لەگۆڕستانى ( شێخ محێدین) لەنزیک تەکیەى تاڵەبانى ئەسپەردەى خاکى پیرۆزى  کوردستان دەکرێت،

سڵاو و دروود بۆ ڕۆحى پاکى هونەریتان ، سڵاو لەمێژووى جوانى بنەماڵەکەتان  بۆئەو خزمەتەى بەدەنگخۆشان و بەهرەمەندانى ئەوسەردەمەتان کردووە، ڕۆحت شاد و  یاد و یادەوەریی و هونەریی جوانتان بەرزو پڕ شکۆبێت.

جەمال عومەر ( جەمالى دەلاک) 18/5/2026 سلێمانى

سەرچاوە :

(1 و  3  )کتێبى گەڵاى پایز ،بیرەوەى عەلى مەردان  ، ئامادەکردنى ( عەبدولقادر عەلى مەردان ) لاپەڕە( 38).     

(2)سایتى وشە : مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی یەکەم، دکتۆر مارف خەزنەدار، چاپی ٢٠٠٤ هەولێر.

( 4 و  5  و 6  و 7 و 8   و 9  و 14  و 15  ) کتێبى ڕۆژێ لەڕۆژان  ( دیمانەى کولتووریی و رۆژنامەنووسیی 1966_2008)  ( ج_1) بابى لالۆ (کەمال ڕەئووف محەمەد) گەڵاڵەو تۆمارکردن ، لاپەڕە( 351 و  359 ) ،ئەم دیدارە لەڕێکەوتى (16/5/1978) تۆمارکراوە .

(10 و 12  ) شێخ قابیل تاڵەبانی .....
خاوەنی ڕاستەقینەی گۆرانی ( نەمام نەمامە )
28/4/2026 تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوکى ( شیروان کەرکوکى.

(11) کتێبى گۆرانیبێژە نەمرەکان ، بەشى دووەم ، دانانى : باکوورى 2002 ، لاپەڕە (2015).

(13) کتێبى (ئێزگە) مێژووى دامەزراندنى ڕادیۆى بەغداى عەرەبى و  بەشى کوردى و ڕادیۆى کوردى لە یافا ، باکوورى ، هەولێر (2009) لاپەڕە (85)

* سوپاس و پێزانینى زۆرم بۆهەریەک لەبەڕێزان ( شیروان کەرکوکى، جیهانبەخش کۆیی و ئەمجەدئەسعەد و مامۆستا چالاک صدیق)  و هەروەها ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکار و نووسەر ڕەوانشاد ( کەمال ڕەئووف محەمەد) سوودم لەزانیارییەکانى ئەوبەڕێزانە وەرگرتووە ، سوپاسم بۆ (شێخ داناى کوڕى شێخ قابیل) وێنەى باوکى پێبەخشیم.( ج،د).

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.