Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 11:35

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڕیاری سەپاندنی باجی سەر کارتی مۆبایلی هەڵوەشاندەوە

کوردستان TV
100%

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ڕایگەیاند بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سەپاندنی باجی سەر کارتی مۆبایل دوای ئەوە هات کە ئەنجومەنی تانەدان چاوی بەو تانەیەدا خشاندەوە کە لەلایەن بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی کۆمپانیای زەین عێراق پێشکەش کرابوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی ئایار، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، بڕیارێکی دەرکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن کە تایبەت بوو بە سەپاندنی بڕە پارەیەک لەژێر ناوی کرێی خزمەتگوزاری بەسەر کۆمپانیاکانی مۆبایلدا.

بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە ئەنجومەنی تانەدان چاوی بەو تانەیەدا خشاندەوە کە لەلایەن بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی کۆمپانیای زەین عێراق پێشکەش کرابوو. دادوەر ئەیاد محەمەد زەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی تانەدان ڕایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی کە بە ڕێژەی 20% خرابووە سەر کارتی مۆبایل و ئەپڵیکەیشنە ئەلیکترۆنییەکان، لە بنەڕەتدا باجی فرۆشتنە نەک کرێی خزمەتگوزاری.

دادوەرەکە جەختی کردەوە کە بەپێی ماددەی 28/ یەکەمی دەستووری عێراق، سەپاندنی باج و ڕسومات تەنیا لە دەسەڵاتی حەصریی پەرلەماندایە و ناتوانرێت هیچ باجێک بسەپێندرێت مەگەر بە یاسا نەبێت، هەر بۆیە بڕیارەکەی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن بە نادەستووری و نایاسایی هەژمار کرا و هەڵوەشێندرایەوە.

ئەم بڕیارە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی کارتی مۆبایل و خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان دەبێت و پێشبینی دەکرێت ببێتە هۆی دابەزینی نرخەکان بۆ هاووڵاتیان، چونکە ئەو بارگرانییە داراییەی لەسەر کۆمپانیاکان بوو لادراوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.