ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای واشنتۆنەوە بڵاویکردەوە، هەرچەندە پێشبینی ناکرێت دۆناڵد ترەمپ لە کاتی مانەوەی لە چین هیچ هەنگاوێکی کتوپڕ دژی ئێران بنێت، بەڵام ئەگەری هەیە ڕاستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەی، قۆناغێکی نوێی جەنگ دژی تاران دەستپێبکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ترەمپ چەند بژاردەیەکی ستراتیژیی لەبەردەستدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، لەوانە دەستپێکردنەوەی پڕۆژەی ئازادی کە تێیدا هێزی دەریایی ئەمریکا هەوڵ دەدات گەمارۆی سەر گەرووی هورمز بشکێنێت و ڕێڕەوی کەشتییەکان بکاتەوە.
یاخود دەستپێکردنی هەڵمەتێکی نوێی بۆردومانکردن بۆ سەر ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئێران، کە ترەمپ پێشتریش چەندین جار هەڕەشەی کردنی کردووە.
بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە، کە سوپای وڵاتەکەیان لەم کۆتایی هەفتەیەدا لە ئاستی باڵای ئامادەباشیدایە، بۆ هەر ئەگەرێکی دەستپێکردنەوەی جەنگ لەلایەن ترەمپەوە. جەختیش کراوەتەوە کە هەر ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە لە هەماهەنگیی تەواودا دەبێت لەگەڵ سوپای ئیسرائیل.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.