کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی هیندستان بڕیاری دا، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی فڕۆکە، ژمارەیەکی زۆر لە گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی ڕابگرێت یاخود بەڕێژەیەكی زۆر کەمیان بکاتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی فەرمی کۆمپانیای (ئایەر ئیندیا) كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوكراوەتەوە هاتووە، بەهۆی ئەو گرژییانەی لە کۆتاییەكانی مانگی شوباتی رابردوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیان پێ کردووە و دواتریش بڕیاری داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی زۆری نرخی سووتەمەنی.
لە راگەیەنراوەكەدا هەروەها هاتووە "گرانبوونی نرخی سووتەمەنی کاریگەری نەرێنی و گەورەی کردووەتە سەر قازانجی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بەگشتی و بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی پلیتەكانی گەشتكردن لەسەر هاووڵاتییان".
کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی هیندستان ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەنێوان مانگی حوزەیران و ئابی داهاتوودا بەشێوەیەكی فەرمی گەشتە ئاسمانییەكان بۆ شارەكانی (شیکاگۆ، شەنگهای، مالی و سەنگافورە) ڕادەگرێت، هەروەها ژمارەی گەشتەکانی بۆ شارەكانی (سان فرانسیسکۆ، پاریس، میلانۆ و سیدنی) کەم دەکاتەوە.
کۆمپانیای (ئایەر ئیندیا) جەختیشی كردۆتەوە كە سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و كاریگەرییە خراپە بازرگانییانەی تووشی كۆمپانیاكەیان هاتووە، بەڵام ئەوان لە بەشێكی زۆری گەشتە ئاسمانییەكان بۆ وڵاتانی جیهان بەردەوام دەبن و مانگانە بەشێوەیەكی گشتی زیاتر لە 1200 گەشتی ئاسمانی ئەنجام دەدەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.