Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 19:13

گەشتی حاجیانی هەرێم لە هەولێر و سلێمانییەوە دەستپێدەکات

کوردستان TV
100%

بە فەرمی بڕیاردرا حاجیانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ لە ڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانییەوە گەشت بکەن بۆ وڵاتی سعودیە و کاتی یەکەم گەشتیش دیاریکرا.

ڕۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پڕۆسەی حەج ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە دوای هەوڵە چڕەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بەتایبەت د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف هات، کە لە ئەنجامی گفتوگۆ لەگەڵ دەستەی گشتی حەج و عومرەی عێراقی و کۆمپانیای فڕۆکەوانی عێراقی گەیشتە قۆناغی کۆتایی. ئامانجی ئەم هەوڵانە دابینکردنی ئاسانکاری تەواو بووە بۆ حاجیانی هەرێم تاوەکو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمەوە بەرەو شاری جەددە گەشت بکەن.

بەپێی خشتەی ڕاگەیەندراو، یەکەم گەشتی حاجیان لە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی 2026/5/7 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەستپێدەکات، و بڕیاریشە ڕۆژی دواتر واتە هەینی، یەکەم کاروانی حاجیان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە بەرەو وڵاتی سعودیە بەڕێ بکەون.

جێگیرکردنی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بارگرانییەکی زۆر لەسەر شانی حاجیان کەمدەکاتەوە و پڕۆسەی گواستنەوەیان خێراتر و ئاسانتر دەکات. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی وەزارەتی ئەوقافدایە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی حەج و دابینکردنی هەموو پێداویستییەکان بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە کاتی ئەنجامدانی فەریزەی حەجدا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.