مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی توندی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر بینای شارەوانیی بەغدا بڵاوکردەوە و ڕەفتاری ئەو گروپانەی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی یاس" وەسف کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 29ـی نیسان، مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: ئیدانەی هەڵکوتانە سەر بینای شارەوانی و ترساندنی فەرمانبەران و هاووڵاتیان دەکات لەلایەن گروپێکی لەیاسادەرچووەوە. بەپێی دەقی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو گروپە هەوڵیانداوە لە ڕێگەی نایاساییەوە ئیرادەی خۆیان بەسەر ڕێکارە فەرمییەکانی موزایەدەیەکی گشتیدا بسەپێنن.
مەکتەبی ڕێکخستنی بەغدای پارتی ئاماژەی بەوە کردووە: ئەم کردەوانە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری و دەرگا بۆ ئاژاوە و گەندەڵی دەکەنەوە. هاوکات، پارتی هۆشداری دەدات لە ئیستغلالکردنی ئەم ڕووداوە بۆ ورووژاندنی دووبەرەکی نەتەوەیی و هەڕەشەکردن لە هاووڵاتیانی کورد لە بەغدا، جەختیش دەکاتەوە کە بەئامانجگرتنی هەر پێکهاتەیەک مەترسییە بۆ سەر ئاشتی کۆمەڵایەتی.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە لایەنە ئەمنی و دادوەرییەکان کراوە لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ و شەفاف ئەنجام بدەن و هۆکارانی ئەو پشێوییە ڕووبەڕووی دادگا بکەنەوە، تاوەکو ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە دەستدرێژیانە بۆ سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت بگیرێت.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.