ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 27ی نیسانی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەبراهام حەمادە، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکەوتەکانی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد. لەو پەیوەندییەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی پشتیوانییەکانی کۆنگرێس بۆ هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە.
لە تەوەرێکی گفتوگۆکەدا، باس لە کاریگەری و لێکەوتەکانی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە کرا، بەتایبەتی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان. سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا بیروڕایان دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان گۆڕییەوە و جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە واشنتن وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی بەردەوام بێت لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدیاتە ئەمنی و سیاسییەکان.
هاوکات، ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەدا بەرز نرخێنرا. دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ئەبراهام حەمادە بوو، کە تێیدا هەردوولا کۆک بوون لەسەر پێویستیی پاراستنی سەقامگیری و بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان لە دەڤەرەکەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.