Erbil 31°C دووشەممە 03 ئاب 13:27

پۆلیسی ڕاپەڕین: ئەو دزەمان دەستگیرکرد کە چوار ساڵ بوو بۆ تکریت هەڵاتبوو

کوردستان TV
100%

پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕانیە توانیویانە تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن کە چەندین تاوانی دزینی لە سنووری ڕانیە و چوارقوڕنە ئەنجام داوە و بۆ ماوەی چوار ساڵ بەرەو خوارووی عێراق هەڵاتبوو.

ڕۆژی شەممە 25ـی نیسان، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە 10ـی نیسانی ئەمساڵ هاووڵاتییەک سکاڵای لەسەر دزرانی دوو بوتڵە غاز تۆمار کرد، تیمەکانی لێکۆڵینەوە دەستیان بە بەدواداچوون کرد. سەرئەنجام توانییان ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرا بکەن کە کەسێکی عەرەبە بە ناوی (ف. ع. خ. ف).

لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی ڕاپەڕیندا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم تۆمەتبارە لە ساڵی 2022ـەوە لە سنوورەکە دەستی بە دزیکردن کردووە، لەوانە؛ دزینی چوار مۆبایل لە مانگی ئایاری 2022 و دزینی بڕی 300 دۆلار و 70 بۆ 80 هەزار دیناری عێراقی و دەمانچەیەک لە ماڵێک لە چوارقوڕنە لە تەمووزی هەمان ساڵدا. تۆمەتبارەکە دوای ئەنجامدانی ئەو تاوانانە بەرەو شاری تکریت هەڵاتبوو و لەو کاتەوە لەژێر چاودێریدا بووە.

پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێت، سەرئەنجام لە رێکەوتی 20ـی نیسانی 2026، هێزەکانی پۆلیس توانییان تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن. ناوبراو لە بەردەم دادوەردا دانی بە تاوانەکانیدا ناوە و لە ئێستادا بەپێی ماددەکانی 443 و 444 لە یاسای سزادان ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.