ئهمڕۆ شهممه، یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوتنێکی گرنگی لەگەڵ ئەمهریکا واژۆکرد بۆ هەماهەنگی دابینکردنی کانزا گرنگەکان کە پێویستن بۆ کەرتە سەرەکییەکان، لەنێویاندا بەرگری، ئەمەش بههۆی زیادبوونی نیگەرانییهكان لە هەژموونی چین لهو بوارهدا.
ڕێککەوتنەکە نوێنەرایەتی باوەشێکی گهرم دەکات لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە بۆ ڕۆڵی یەکێتی ئەوروپا بهتایبهتی له دابینكردنی ئاسایشی ئابووریدا، کە بەردەوام ڕەخنەی لێدەگرێت لەکاتێکدا پشتگیری لە کەسایەتییە ڕاستڕەوە پۆپۆلیستەکان دەکات لەناو ئەوروپادا.
لای خۆیهوه، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا، لە کاتی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمیساری بازرگانی ئەوروپا، مارۆش شێفچۆڤیچ، ڕایگەیاند :"چڕبوونەوەی زۆری ئەم سەرچاوانەی كانزا و زاڵبوونی یەک یان دوو شوێن بەسەریاندا مەترسییەکی قبوڵنەکراوە".
ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەدا: ئهم ڕێككهوتنه بۆ گهرهنتی كردنی ئاسایشی ئابوورییه بۆ داهاتووی ئەمهریکا و یەکێتی ئەوروپا له بواری كانزاكاندا، كه پێکەوە گەورەترین بەکاربەر و بەکارهێنەری کانزا گرنگەکانن.
ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە دڵنیا بین لەوەی ئەو پێداویستی و کانزایانە بۆ داهاتوومان بەردەست دەبن، و بە شێوەیەک کە لە شوێنێکدا قۆرخ نەکرێن یان لە شوێنێکدا زیاد له پێویست بهردهست نهبن."

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.