Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 12:43

ئێران: مافی پیتاندنی یۆرانیۆم جێگەی دانوستان نییە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، مافی تاران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم مافێکی "نەگۆڕە"، بەڵام ئاستی پیتاندنەکە بابەتێکی قابیل بە دانوستانە.

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، مافی بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی مەدەنی، ناتوانرێت لەژێر گوشار یان بە جەنگ لە وڵاتەکەیان زەوت بکرێت.

بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، لەبارەی ئاست و جۆری پیتاندن، تاران هەمیشە گوتوویەتی کە بابەتەکە جێگەی دانوستانە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئێران مافی خۆیەتی بەپێی پێویستییەکانی، بەردەوام بێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم و ئەوەش مافێکی بێ ئەملاولای وڵاتەکەیەتی.

ئەم لێدوانانەی ئێران لە کاتێکدایە، کە دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان تاران و هێزە جیهانییەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنامەی ساڵی 2015 (JCPOA) چەقبەستوویی بەخۆوە دەبینێت. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش لەم دواییانەدا چەندین جار نیگەرانی خۆی لە بەرزبوونەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە دەربڕیوە، کە لە هەندێک وێستگەدا گەیشتووەتە 60%، ئەمەش بە ئاستێکی بەرز و نزیک لە بەدەستهێنانی ماددەی پێویست بۆ چەکی ئەتۆمی دادەنرێت، هەرچەندە تاران بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانە و پزیشکییە.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.