Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 11:16

کەشتیوانانی "ئارتەمیس 2" گەڕانەوە سەر زەوی

کوردستان TV
100%

کەشتیی ئاسمانیی ئەرکی (ئارتەمیس 2) سەر بە ئاژانسی ناسای ئەمریکی، کە 4 کەشتیوانی هەڵگرتبوو، پاش ئەنجامدانی گەشتێکی مێژوویی بۆ دەوری مانگ، ڕۆژی هەینی بە سەرکەوتوویی لە ناو ئاوەکانی ئۆقیانووسی هێمن لە بەرامبەر کەناراوەکانی کالیفۆرنیا نیشتەوە.

ڕید وایزمان، فەرماندەی ئەرکەکە ڕایگەیاند، کە باری تەندروستی تەواوی ئەندامانی تیمەکە کە پێکهاتوون لە (کریستینا کوک، ڤیکتۆر گلۆڤەر و جێرمی هانسن) جێگیرە. هەروەها ڕۆب ناڤیاس، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ناسا جەختی کردەوە کە کەشتیوانەکان لە دۆخێکی زۆر نایابدان.

لە کاتی گەڕانەوەیاندا بۆ ناو بەرگەهەوای زەوی، بۆ ماوەیەکی کورت و نیگەرانکەر پەیوەندی لەگەڵ کەشتیی (ئۆراین) پچڕا، بەڵام دواتر دەنگی فەرماندەی تیمەکە دڵنیایی بە سەنتەری کۆنتڕۆڵی هیۆستن بەخشی و ڕایگەیاند کە بە ڕوونی دەنگیان دەبیستن.

کەشتییەکە لە کاتی گەڕانەوەیدا گەیشتە خێراییەکی پێوانەیی کە 30 جار لە خێرایی دەنگ زیاتر بوو، هەروەها ڕووبەڕووی پلەیەکی گەرمی بەرز بووەوە کە دەگاتە نیوەی پلەی گەرمی سەر ڕووی خۆر. ئەمەش تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە بوو بۆ قەڵغانی گەرمیی کەشتییەکە کە لە تاقیکردنەوەکانی ڕابردوودا کێشەی هەبوو، بەڵام ئەمجارە بە سەرکەوتوویی و بێ هیچ گرفتێک ئەرکەکەی جێبەجێ کرد.

دوای نیشتنەوەیان، تیمەکانی ناسا و سوپای ئەمریکا هاوکاریی کەشتیوانەکانیان کرد بۆ هاتنە دەرەوە لە ناو کەپسولەکە و بڕیارە بۆ پشکنینی زیاتر بەرەو شاری سان دیێگۆ بگوازرێنەوە. ئەرکی (ئارتەمیس 2) بە هەنگاوێکی گەورە بەرەو ناردنی مرۆڤ بۆ سەر مەریخ و جێگیربوون لەسەر مانگ دادەنرێت.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.