Erbil 31°C سێشەممە 11 ئاب 14:17

بانکی ناوەندیی عێراق: هەر حاجییەک 2000 دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی وەردەگرێت

کوردستان TV
100%

بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری دا بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ، بڕی 2000 دۆلار بە نرخی فەرمی بداتە هەر حاجییەک. بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند، کار دەکەن بۆ ئەوەی حاجیانی هەرێمیش بە هەمان شێوە سوودمەند ببن.

ڕۆژی هەینی 10ـی نیسان، بانکی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی بانکەکانی (رافیدەین، رەشید، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI)، بانکی ناسك ئیسلامی، بانکی جیهان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە پلەکانی (A-B کراوە، داوا دەکات هەر 100 دۆلارێک بە 132 هەزار دینار بدرێتە ئەو کەسانەی ئەمساڵ بۆ حەج دەچنە سعودیە.

کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "لە ڕۆژی یەکشەممەوە، لیستی ناوی هەموو ئەو کەسانەی بۆ حەج ناویان گەڕاوەتەوە دەدەینە بانکە دیاریکراوەکان بۆ ئەوەی هەموو حاجیانی هەرێمی کوردستانیش لە وەرگرتنی ئەو پارەیە سوودمەند ببن".

نووسراوەکە لە بانکی ناوەندیی عێراقەوە بۆ بانکەکان نێردراوە کە بۆ هەر حاجییەک 2000 دۆلار بە نرخی فەرمیی دابین بکەن کە بۆ هەر 100 دۆلارێک 132 هەزار دینارە.

بانکی ناوەندی داوا  دەکات، ئەو کەسانەی دەیانەوێت ئەو بڕە دۆلارە بە نرخی فەرمی  وەربگرن، لە 13ـی نیسانەوە لەو بانکانەی ناویان هێندراوە مامەڵەکانیان دەست پێ بکەن.

ئەمساڵ 5120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە دەچن بۆ حەج. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەش دەڵێت، ڤیزەی هەموو ئەوانە گەڕاوەتەوە کە دەچنە حەج، ئەگەر دۆخی ناوچەکە لەباربێ 7ـی ئایار یەکەم گەشتیان بە فرۆكە بۆ سعودیە دەست پێ دەکات.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.