Erbil 31°C سێشەممە 11 ئاب 10:23

وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی شەوی ڕابردوو ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شەوی پێنجشەممە لە چەند کاتێکی جیاوازدا هێرشی درۆنی کراوەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێرشەکان بەرپەرچدراونەتەوە و درۆنەکان تێکشکێندراون.

ڕۆژی هەینی 10ـی نیسان، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: "سەرەڕای ئەوەی هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە پاڵپشتیکردن لە ئاشتی و سەقامگیریی بووە و بەشێک نەبووە و نابێت لە شەڕ و گرژی، سەرباری راگەیاندنی ئاگربەست لە ناوچەکە، شەوی پێنج شەممە 9ـی نیسانی 2026 و لە چەند کاتی جیاوازدا چەند هێرشێکی درۆنی کراونەتە سەر شوێنی جیاواز لە هەرێمی کوردستان و لە ئەنجام تێک شکێندراون و کەوتوون".

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە: "هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیان چاوەڕێی ئاسایی بوونەوەی دۆخەکەیان دەکرد، بەڵام بەداخەوە تیرۆیست و خراپەکاران کە چاویان بە ئارامی و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان هەڵنایە، لە نانەوەی پشێووی بەردەوامن".

وەزارەتی ناوخۆ لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، جەخت لە پشتگیری ئاشتی و ئۆقرەیی دەکەن و داوا لەهەموو لایەکیش دەکەن کە ئەو هێرشانە رابگرن و چیتر سەقامگیری و ئۆقرەیی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان نەکەنە ئامانج.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.