Erbil 31°C سێشەممە 11 ئاب 10:23

قالیباف هۆشدارییەکی توند دەداتە ئەمریکا

کوردستان TV
100%

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی شاندی وڵاتەکە بۆ گفتوگۆکانی پاکستان، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 3 خاڵی سەرەکی و بنەڕەتی لە "پێشنیازە 10 خاڵییەکەی" ناسراو بە (چوارچێوەی ڕێککەوتن) پێشێل کردووە.

قالیباف ئاماژەی بەوە کرد کە بێمتمانەیی مێژوویی ئێران بەرامبەر واشنتن بەهۆی ئەم جۆرە پێشێلکارییانەوەیە، سێ خاڵە سەرەکییەکەشی بەم شێوەیە دەستنیشان کرد:

1- ئاگربەستی لوبنان: قالیباف جەختی کردەوە کە ئەمریکا پابەندی خاڵی یەکەمی ڕێککەوتنەکە نەبووە سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ لە لوبنان و ناوچەکانی تر، کە پێشتر لە لایەن ناوبژیوانی پاکستانییەوە ئاماژەی پێ درابوو.

2- بەزاندنی ئاسمانی ئێران: ناردنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی بۆ ناو ئاسمانی ئێران کە لە شاری "لار"ی پارێزگای فارس تێکشکێندرا، قالیباف ئەمەی وەک پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی ئەو خاڵە هەژمار کرد کە ڕێگری لە هەر جۆرە بەزاندنێکی ئاسمانی ئێران دەکات.

3- مافی پیتاندن: سەرۆکی شاندی ئێران ڕایگەیاند کە ئەمریکا مافی ئێرانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم ڕەتکردووەتەوە، لە کاتێکدا ئەمە لە خاڵی 6ی چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا جێگیر کرابوو.

لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، محەمەد باقر قالیباف ڕایگەیاند: "ئەو بنەمانەی وەک سەکۆیەک بۆ گفتوگۆ دانرابوون، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان بە ڕوونی پێشێل کراون؛ هەر بۆیە لە بارودۆخێکی وەهادا، ئەنجامدانی هەر جۆرە گفتوگۆیەک یان بەردەوامبوونی ئاگربەست بە کارێکی نائاوەزمەندانە دەزانین."

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.