ماڵپەڕی "ئاكسيۆس" لە زاری 4 سەرچاوەی ئەمریکی، ئیسرائیلی و ناوچەیی بڵاویکردەوە، ئەمریکا و ئێران خەریکی تاوتوێکردنی مەرجەکانی ئاگربەستێکی 45 ڕۆژەن، کە ڕەنگە ببێتە سەرەتایەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێستا بە شێوەیەکی هەمیشەیی.
بەپێی زانیارییەکانی ئەم سەرچاوانە، نێوەندگیران کار لەسەر چوارچێوەیەکی دوو قۆناغی دەکەن. قۆناغی یەکەم بریتییە لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی 45 ڕۆژ، کە تێیدا دانوستانی چڕ بۆ گەیشتن بە کۆتاییهێنان بە ململانێکان دەکرێت. قۆناغی دووەمیش تیشک دەخاتە سەر واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، نێوەندگیران پێیان وایە پرسە ئاڵۆزەکانی وەک کردنەوەی تەواوەتی گەرووی هورمز و چارەسەرکردنی کێشەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، تەنها لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی کۆتاییدا یەکلایی دەکرێنەوە.
ئەم دانوستانانە لە ڕێگەی نێوەندگیرانی وڵاتانی پاکستان، میسر و تورکیاوە بەڕێوەدەچن، هاوکات نامەی ڕاستەوخۆ لە نێوان ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاڵوگۆڕ کراون.
بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین پێشنیازی پێشکەشی ئێران کردووە، بەڵام بەرپرسانی تاران تاوەکو ئێستا بە فەرمی ئەو پێشنیازانەیان قبوڵ نەکردووە.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.