Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 16:21

لەندەن و پاریس وەڵامی ترەمپ دەدەنەوە: ناتۆ "پڵنگی سەر کاغەز" نییە و بەرگری لێ دەکەین

کوردستان TV
100%

بەریتانیا و فەڕەنسا، بەرگریی توندیان لە هاوپەیمانیی ناتۆ کرد و پابەندیی خۆیان بۆ ئەو ڕێکخراوە دووپات کردەوە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ڕەخنە و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ کشانەوە لە هاوپەیمانییەکە.

دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "دەیلی تەلەگراف"ی بەریتانی ڕایگەیاندبوو، بە جددی تاوتوێی کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی ناتۆ دەکات. ترەمپ ناتۆی بە "پڵنگی سەر کاغەز" وەسف کرد، ئەوەش دوای ئەوەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا ئامادە نەبوون پشتگیریی کردەوە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران بکەن.

کییر ستارمر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەگای حکوومەت وەڵامی ترەمپی دایەوە و ڕایگەیاند: "ناتۆ کاریگەرترین هاوپەیمانیی سەربازییە کە جیهان تا ئێستا ناسیبێتی." کییەر ستارمر جەختی کردەوە کە ناتۆ بۆ چەندین دەیەیە ئاسایشی ئەوانی پاراستووە و وڵاتەکەی بە تەواوەتی پابەندە بەم هاوپەیمانییە.

لە لایەکی دیکەوە، ئالیس ڕۆفۆ، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری سوپای فەڕەنسا، لە کۆنفرانسی "جەنگ و ئاشتی" لە پاریس ڕایگەیاند، ناتۆ هاوپەیمانییەکی سەربازییە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەی ئەورووپا و ئەتڵەسی دروست کراوە، نەک بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە گەرووی هورموز. ڕۆفۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی لەو شێوەیە "پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە".

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.