ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، وردەکاریی زنجیرەیەک هێرشی درۆنی بۆ سەر کۆگایەکی ڕۆنی ئۆتۆمبێل لە سنووری پارێزگاکە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، بەهۆی دووبارەبوونەوەی بۆردومانەکان و پاراستنی گیانی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، فەرمانی کشانەوەیان بە تیمەکان داوە.
بەپێی گوتەی پارێزگاری هەولێر، زنجیرە هێرشەکان بەم شێوەیە بووە:
هێرشی یەکەم: کاتژمێر 07:30ـی بەیانی ئەنجامدراوە و ئاگرێکی گەورەی لێکەوتووەتەوە.
هێرشی دووەم: کاتژمێر 08:40ـی بەیانی، لە کاتی سەرقاڵبوونی تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، درۆنێکی دیکە هەمان شوێنی پێکاوە.
هێرشی سێیەم: کاتژمێر 10:20ـی پێشنیوەڕۆ، بۆ جاری سێیەم درۆنێک لە شوێنی ئاگرەکەیداوە.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد، کە بە گشتی 4 درۆن ئاراستەی کۆگاکە کراون و 3 دانەیان ئامانجەکەیان پێکاوە و درۆنی چوارەمیش پێش گەیشتن بە ئامانج، لە ئاسماندا تەقێندراوەتەوە.
سەبارەت بە هۆکاری کشانەوەی تیمەکانی فریاگوزاری، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: "لەپێناو پاراستنی گیانی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگریی شارستانی، داوامان کردووە لە شوێنی ڕووداوەکە دووربکەونەوە، چونکە بەهۆی سێ جار بۆردومانکردن و گەورەیی ئاگرەکەوە، هیچ شتێک لەناو کۆگاکەدا نەماوە نەسووتابێت، بۆیە تیمەکان چاوەڕێ دەکەن ئاگرەکە خۆی بکوژێتەوە."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئومێد خۆشناو داوای لەو هاووڵاتییانە کرد کە لە دەوروبەری شوێنی ڕووداوەکە کۆبوونەتەوە، بە زووترین کات بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆیان دووربکەونەوە و پابەندی هۆشدارییەکانی هێزە ئەمنییەکان بن، تاوەکو هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.