دادوەرێکی فیدراڵیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری دا بە ڕاگرتنی کاتیی پڕۆژەی دروستکردنی تالارێکی نوێی میوانداری لە کۆشکی سپی، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پێشنیار کرابوو، ئەوەش بەهۆی نەبوونی ڕەزامەندیی کۆنگرێس و تەواونەکردنی ڕێکارە یاساییەکان.
ڕیچارد لیۆن، دادوەری ئەمریکی ڕایگەیاند، پڕۆژەکە بەبێ تێپەڕبوونی بە ڕێڕەوە یاساییەکاندا دەستی پێ کردووە و سەرۆک دەسەڵاتی ئەوەی نییە بەبێ پەسەندکردنی کۆنگرێس کارێکی لەو شێوەیە ئەنجام بدات، بۆیە کارەکان تا کاتێکی نادیار ڕادەگیرێن. ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیارەکە دوای 14 ڕۆژی دیکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە تا دەرفەت بۆ تانەدان لە بڕیارەکە بڕەخسێت.
لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی (ترووس سۆشیاڵ) ڕەخنەی توندی لە بڕیارەکە گرت و پڕۆژەکەی بە "پێشکەوتوو، کەم تێچوو و باشترینی جۆری خۆی" وەسف کرد. .
تێچووی پڕۆژەکە بە 400 ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە و حکومەت ڕایگەیاندووە کە تێچووەکەی لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دابین دەکرێت و نابێتە بارگرانی لەسەر بودجەی گشتی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.