Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 07:23

ئیسماعیل قائانی بۆ حووسیەکان: ئێران پشتیوانیتان دەکات

کوردستان TV
100%


فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە پەیامێکدا بۆ گرووپی حووسییەکانی یەمەن، ستایشی ڕۆڵی ئەوانی کرد لە پاڵپشتیکردنی خەڵکی غەززە و ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی سەرجەم بەرەکانی بەرگری لە ناوچەکەدا بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورەکانیان.

فەرماندەی هێزی قودس، لە پەیامەکەیدا کە ئاراستەی سەرکردایەتی و چەکدارانی حووسیەکانی کردووە، یەمەنی وەک "شمشێرێکی بڕندە" لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل وەسف کرد.

ئیسماعیل قائانی ئاماژەی بە پاشەکشەی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جێرالد فۆرد"ی ئەمریکی لە ناوچەکە کرد و ڕایگەیاند کە هۆکاری سەرەکیی سەرگەردانی و کشانەوەی ئەو کەشتییە بۆ هێز و ئیرادەی چەکدارانی یەمەن لە کێوەکانی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە. جەختیشی کردەوە کە تاران وەک ئەرکێکی ئیلاهی، بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی "بەرەی بەرگری" تا ئەو کاتەی سێبەری جەنگ لەسەر تەواوی ناوچەکە لادەچێت.

ئەم پەیامەی فەرماندەی هێزی قودس لە کاتێکدایە کە گرووپی حوسییەکانی یەمەن، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، ماوەیەکە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور چڕکردووەتەوە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ جەنگی غەززە. واشنتن و هاوپەیمانەکانی چەندین جار تارانیان تۆمەتبار کردووە بەوەی چەک و زانیاریی هەواڵگری دەداتە حوسییەکان بۆ تێکدانی ئاسایشی دەریاوانی، بەڵام ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو گروپانە بە سەربەخۆیی بڕیار دەدەن و تاران تەنیا پاڵپشتییەکی گشتییان دەکات لە چوارچێوەی ئەو ستراتیژەی کە خۆی بە "بەرەی بەرگری" (محور المقاومة) ناوی دەبات.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.