بەمەبەستی ڕێکخستنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا و دیاریکردنی نرخ، ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر وردەکاریی پلان و میکانیزمی کارکردنی بۆ مانگی نیسان (4) ئاشکرا کرد.
خۆران تەحسین، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە رێبین مەجید پەیامنێری کوردستان تیڤی ڕایگەیاند: "بەهۆی ئەو دۆخەی کە ڕووی لە کەرتی کارەبای نیشتمانی کرد و بووە هۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا، موەلیدە ئەهلییەکان ئەرکی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیان لەئەستۆ گرت. لەسەر بنەمای میکانیزمێکی دیاریکراو، سەرەتا 100 کاتژمێر و دواتر 200 کاتژمێری تر بۆ مانگەکە دیاری کرا، کە کۆی گشتی دەکاتە 300 کاتژمێر."
خۆران تەحسین رایگەیاند: ئەو ناوچانەی کە کاتژمێری پێدانی کارەبایان نەگەیشتووەتە 300 کاتژمێر، ئەو کاتژمێرانەی ماون وەک "قەرز" لای خاوەن موەلیدەکان دەمێنێتەوە و لە مانگی نیساندا بۆ هاووڵاتییان قەرەبوو دەکرێتەوە.
سەبارەت بە نرخی کارەبا سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلدە ئەهلییەکانی هەولێر دەڵێت: بۆ 300 کاتژمێر کارکردن، بڕی 15,000 دینار بۆ هەر ئەمپێرێک دیاری کراوە، ئەمەش بە ڕەچاوکردنی نرخی سووتەمەنی کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تێچووەکان هەیە.
خەران تەحسین گوتی؛ لە سنووری پارێزگای هەولێر 3,300 موەلیدەی ئەهلی مۆڵەتپێدراو هەن (1,200 موەلیدە لەناو شار و 2,100 موەلیدە لە دەرەوەی شار).
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدەکان ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەماهەنگی بەردەوامیان لەگەڵ وەزارەتی کارەبا هەیە و هەوڵ دەدەن لە مانگی نیساندا باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتییان بکەن، هەر موەلیدەیەکیش کەمتر لەو بڕە کاریکردبێت، لە نرخی مانگانەی هاووڵاتییاندا دادەشکێنرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.