Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 21:00

نوری مالیکی: هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی تێکدانی ئاسایشی هەموو عێراقە

کوردستان TV
100%

نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بەئامانجگرتنی ماڵی هەریەکە لە سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بە کارێکی "ڕەتکراوە" و مەترسی بۆ سەر سەقامگیریی گشتیی عێراق ناوزەند دەکات و هۆشداری دەدات لەوەی ئەو جۆرە کردەوانە یەکڕیزیی نیشتمانی لاواز دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە پەیامێکی فەرمیدا سەرکۆنەی ئەو هێرش و پێشێلکارییانەی کرد کە هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج، بە تایبەتی هێرشکردنە سەر ماڵی سەرکردەکانی هەرێم.

مالیکی ڕایگەیاند: "ئەو پێشێلکارییانەی لە هەرێمی کوردستان ڕوویاندا و بەئامانجگرتنی ماڵی سەرکردەکانی هەرێم، بەڕێزان مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، کارێکی ڕەتکراوە و سەرکۆنەکراوە لە لایەن هەر لایەنێکەوە ئەنجامدرابێت."

جەختیشی کردەوە کە ئەم جۆرە کردەوانە تەنها کەسایەتییەکان ناکەنە ئامانج، بەڵکو دەستدرێژین بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بە گشتی و دەبنە هۆی لاوازکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی.

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەش دا، لەم قۆناغەدا عێراق زیاتر لە هەمیشە پێویستی بە بەهێزکردنی گیانی تەبایی و یەکگرتوویی لە نێوان پێکهاتەکاندا هەیە. داواشی کرد هەمووان دژی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی بوەستنەوە و یەکدەنگ بن بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان نانەوەی فیتنە و تێکدانی سەقامگیریی وڵاتە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.