Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 20:33

سوپای پاسداران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر دوو کۆمپانیای گەورەی ئەلەمنیۆم لە بەحرەین و ئیمارات

کوردستان TV
100%

کۆمپانیای ئەلەمنیۆمی بەحرەین (ئەلبا - Alba) ڕایگەیاند: دامەزراوەکانیان ڕووبەڕووی هێرشێکی ئێران بوونەتەوە و لە ئەنجامدا دوو کەس بە سووکی بریندار بوون. هاوکات وەزارەتی بەرگری ئیماراتیش جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی بەرگری ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویانە چەندین هێرشی هاوشێوەی درۆنی و مووشەکی تێکبشکێنن.

سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، کە لە میدیا فەرمییەکانی ئەو وڵاتە بڵاوکرایەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە داوە کە بە موشەک درۆن هێرشیان کردووەتە سەر کۆمپانیای "ئەلبا" لە بەحرەین و کۆمپانیای "ئیمال" لە ئیمارات. سوپای پاسداران پاساوی هێرشەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە "ئەم دوو کۆمپانیایە، بەهۆی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە دابینکردنی پێداویستییەکانی پیشەسازیی سەربازیی ئەمریکا."

کۆمپانیای ئەلبای بەحرەینی، یەکێکە لە گەورەترین کارگەکانی ئەلەمنیۆم لە جیهاندا، پێشتر و لە 15ی ئازاری ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە توانای بەرهەمهێنانیان بە ڕێژەی 19٪ دابەزیوە. ئەمەش بەهۆی ئاستەنگییەکانی گواستنەوە و دابینکردنی کەرەستە سەرەتاییەکان لە دوای داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە، کە لە 28ی شوباتی ڕابردووەوە و لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داخراوە.

لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەحرەین و ئیمارات سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی وردی قەبارەی ئەو زیانە ماددییانەن کە بەر دامەزراوە پیشەسازییەکان کەوتوون.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.