وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئیسرائیل کارگە گەورەکانی پۆڵا و ناوەندە ئەتۆمییەکانی تارانی کردووەتە ئامانج و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم هێرشانە بێ وەڵام نابن و تەلئەڤیڤ باجێکی قورس دەدات.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، ئیسرائیل 2 لە گەورەترین کارگەکانی بەرهەمهێنانی پۆڵا، وێستگەیەکی وزە و چەندین ناوەندی ئەتۆمیی مەدەنی و ژێرخانی گرنگی لە نێو خاکی ئێران پێکاوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات ئەم هێرشانەی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا ئەنجامداوە.
عێراقچی جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم هێرشە پێچەوانەی ئەو دەرفەت و وادەیەیە کە سەرۆکی ئەمەریکا بۆ دیپلۆماسی دیاریی کردبوو. وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆتایی پەیامەکەیدا هەڕەشەی توندی کرد و ڕایگەیاند: "ئێران باجێکی قورس لە ئیسرائیل وەردەگرێت لە بەرانبەر ئەو تاوانانەی ئەنجامی داون."
ئەم پەرەسەندنە نوێیانە لە کاتێکدایە کە ململانێی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ چووەتە قۆناغێکی ڕاستەوخۆ و مەترسیدار، بە ئامانجگرتنی ناوەندە پیشەسازی و ئەتۆمییەکانیش وەک هێڵێکی سوور دەبینرێت کە ئەگەری فراوانبوونی جەنگ و وەڵامدانەوەی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.