سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، "دوژمنانی وڵاتەکەی" بە پاڵپشتی وڵاتێکی ناوچەکە پلان بۆ داگیرکردنی یەکێک لە دوورگەکانی ئێران دادەڕێژن، لە کاتێکدا چەند دوورگەیەکی ستراتیژی وەک ئامانجی ئەگەریی هێرشەکان دیاری دەکرێن.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئێران هۆشداری دا کە لە چوارچێوەی جەنگی بەردەوامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵێک هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دوورگەیەکی وڵاتەکەی.
بەپێی شیکارییە سەربازییەکان، چەند شوێنێکی ستراتیژی وەک ئامانجی سەرەکی دەبینرێن:
دوورگەی خارک:
گرنگترین ناوەندی نەوتیی ئێرانە و 90%ی هەناردەی خاوی ئەو وڵاتە دابین دەکات. ئەم دوورگەیە بە بڕبڕەی پشتی ئابووری ئێران و سەرچاوەی دارایی سوپای پاسداران دادەنرێت، کە واشنتۆن بەردەوام وەک ئامانجێکی ستراتیژی ئاماژەی پێ دەدات.
دوورگەی لارک و قەشم
: لارک دەکەوێتە تەنگەی هورمز و وەک ناوەندێکی چاودێری و وەرگرتنی باج لە کەشتییەکان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەکاردێت. قەشمیش گەورەترین دوورگەی کەنداوە و ناوەندێکی گرنگی بازرگانی و گەشتیارییە.
دوورگە جێناکۆکەکان:
هەرسێ دوورگەی (تومبی گەورە، تومبی بچووک و ئەبو موسا) کە ئیمارات داوایان دەکات، ئێستا بوونەتە قەڵای سەربازی و ئێران سەکۆی مووشەکی دژە کەشتی لێ جێگیر کردوون.
شارەزایان پێیان وایە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم دوورگانە لەلایەن ئەمەریکاوە، دەبێتە هۆی پەکخستنی توانای هێرشبەری ئێران لە دژی کەشتیوانی نێودەوڵەتی.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و ئەگەری فراوانبوونی پێکدادانە سەربازییەکان بۆ سەر ژێرخانە دەریایی و ئابوورییەکانی ئێران لە ئارادایە
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.