وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، پاش هەوڵێکی بێپسانەوە و هەماهەنگییەکی چڕی نێوان تیمە ئەندازیاری و تەکنیکییەکان، توانیویانە بەسەر ئەو گرفتە تەکنیکییەدا زاڵ بن کە لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا کاریگەری کردبووە سەر دۆخی کارەبا لە بەشێکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەت، پرۆسەی چاککردنەوەی گرفتەکە لە ڕێگەی کارێکی هاوبەش و پلانێکی وردی تیمەکانی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم و بەڕێوەبەرایەتییەکانی کۆنترۆڵی کارەبای هەولێر و دهۆک ئەنجامدراوە. لەم چوارچێوەیەدا، تیمەکان بە هاوکاریی وێستگەکانی گواستنەوەی کارەبا لە هەردوو پارێزگاکە، توانییان لە کاتێکی پێوانەییدا سەرکەوتوو بن لە بنبڕکردنی کێشە تەکنیکییەکە و گەڕاندنەوەی کارەبای نیشتمانی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە لە ئێستادا دۆخی کارەبا لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک و دەوروبەریان بە تەواوی ئاسایی بووەتەوە.
لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا بەهۆی بوونی گرفتێکی تەکنیکی لە تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردن، پێدانی کارەبا لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک تووشی جۆرێک لە ناسەقامگیری ببوو، بەڵام بە هەوڵی خێرای لایەنە پەیوەندیدارەکان کێشەکە کۆنترۆڵ کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.