بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم ڕەوشی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی خستەڕوو و ڕایگەیاند، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە ئارادایە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی ئادار، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند: بە گشتی ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت بە درێژایی کاتەکان، نمەباران و بارانی مام ناوەند سەرجەم ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە وە بۆ ماوەیەکی کورت خایەن بارانبارینی بە لێزمە دەبێت لە سنوری گەرمیان و کەرکووک و هەڵەبجە و بەشێک لە باشوری رۆژهەڵاتی سنووری پارێزگای سلێمانی.
کەشناسی ڕاشیگەیاند: لە درەنگانی شەو و بەیانی ڕۆژی پێنج شەممەدا تا ڕادەیەک بارانبارین لاواز دەبێت لەگەڵ بارینی بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنوریەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم. پلەی گەرما 2 بۆ 4 پلە نزم دەبێتەوە.
بۆ سبەی پێنجشەممە 26ـی ئادار، بە پێی پێشبینیەکانی کەشناسی: ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباران لە هەندێ ناوچەدا، لە نێوەڕۆ وە ڕیژەی دابارین زیاد دەکات وە نمەباران و بارانی مام ناوەند کە هەندێ جار هەورە بروسکەی لەگەڵ دەبێت سەرجەم ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە.
کەشناسی پێشبینی دەکات؛ لە کاتەکانی شەودا ڕێژەی بارانبارین زیاتر بێت لەسنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان بەراوورد بە ناوچەکانی تر کە پێشبینی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو دەکرێت بە تایبەت لە سنووری گەرمیان. هەروەها بارینی بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنوریەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم دەبێت.
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ و سبەی بە پلەی سیلیزی:-
| شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان | چوارشەممە | پێنجشەممە |
| هەولێر | 13 | 15 |
| سلێمانی | 10 | 11 |
| دهۆک | 11 | 14 |
| هەڵەبجە | 16 | 15 |
| زاخۆ | 12 | 14 |
| گەرمیان | 17 | 17 |
| چەمچەماڵ | 11 | 12 |
| پیرمام | 8 | 10 |
| حاجی ئۆمەران | 5 | 5 |
| سۆران | 10 | 11 |
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.