Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 08:07

سێنتکۆم: گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی درۆنمان لە تاران تەقاندەوە

کوردستان TV
100%

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دیمەنی تێکشکاندنی کارگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی درۆنی لە ئێران بڵاوکردەوە


فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) چەند وێنەیەکی مانگی دەستکردی بڵاوکردەوە، کە تێیدا تێکشکاندنی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی درۆنە خۆکوژییەکانی جۆری "شاهد" لە ناوچەی خومەینیشەهری سەر بە پارێزگای ئەسفەهان نیشان دەدات. بەپێی زانیارییەکانی سەنتکۆم، ئەم کارگەیە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئەو درۆنانە بووە کە ڕژێمی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە جیاجیاکانی ناوچەکە بەکاریهێناون.


وێنەکان لە3 و 12ـی ئاداری 2026 گیراون، جیاوازیی پێگەکە پێش و دوای هێرشە وردەکانی سوپای ئەمریکا دەردەخەن، کە تێیدا کارگەکە بە تەواوی وێران کراوە. سەنتکۆم جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە گورزێکی کوشندە بووە بۆ سەر ژێرخانی پیشەسازیی بەرگریی ئێران و تواناکانی ئەو وڵاتە لە پەرەپێدانی چەکە هێرشبەرەکانیدا.

درۆنەکانی زنجیرەی "شاهد" (بە تایبەت جۆری 131 و 136) بە یەکێک لە دیارترین بەرهەمەکانی پیشەسازیی سەربازیی ئێران دادەنرێن، کە وەک درۆنی "خۆکوژ" یان "تاک-ئاراستە" (One-way attack) ناسراون. ئەم درۆنانە بەهۆی تێچووە کەمەکەیان و توانای بڕینی مەودای دوور کە دەگاتە نزیکەی 2500 کیلۆمەتر، نازناوی "موشەکی کرووزی هەژاران"یان لێنراوە.


 درۆنی شاهد بە بزوێنەرێکی سادە کار دەکات و دەتوانێت کڵاوەیەکی تەقەمەنی بە کێشی 30 بۆ 50 کیلۆگرام هەڵبگرێت؛ بەهۆی قەبارە بچووکەکەی و فڕینی لە بەرزییەکی کەمدا، زۆرجار سیستەمە ڕادارییەکان بە زەحمەت دەتوانن دەستنیشانی بکەن. لە ساڵانی ڕابردوودا، ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە عێراق، سووریا و یەمەن ئەم چەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە ستراتیژییەکان بەکارهێناوە، هەروەها ڕووسیاش لە جەنگی ئۆکرانیادا بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ پەکخستنی ژێرخانی وزە پشتی پێ بەستوون، ئەمەش وای کردووە ببێتە یەکێک لەو چەکانەی کە زۆرترین نیگەرانی لای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دروست کردووه‌

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.