بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئەمشەو پێنجشەممە لە 20ـەمین رۆژی دەستپێكی شەڕ دژی ئێران پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە دا كە بەهۆی هێرشەكانیان، ئێران چیتر توانای بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی و مووشەكی بالیستی نەماوە، جەختیشی كردەوە كە بەم نزیكانە شەڕ كۆتایی دێت.
نەتانیاهۆ لە پەیامە ڤیدیۆییەكەیدا سەرەتا دەنگۆ و هەواڵی كوژرانی رەت كردەوە و رایگەیاند كە ئەوەتا لەبەردەمیاندایە و تەندروستی زۆر باشە.
دواتر داوای لە هاووڵاتییانی ئیسرائیلی كرد هەوڵ بدەن زیاتر لە پەناگە پارێزراوەكاندا بمێننەوە بۆ ئەوەی حكوومەت و سوپا كاری سەربازی خۆیان بكەن، هەرچەندە نەی شاردەوە كە مانەوە بۆ ماوەیەكی زۆر لە پەناگەكان كارێكی سەختە بۆ ئەوان.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها رایگەیاند: دوای تێپەڕبوونی 20 رۆژ لە شەڕ، ئێستا دەتوانم مزگێنێتنان پێ بدەم كە ئێران توانای بەرهەمهێنانی هیچ مووشەك و چەكێكی ئەتۆمی نەماوە.
نەتانیاهۆ هەروەها دڵنیایی دا كە شەڕی ئێران بەمزووانە كۆتایی دێت و تەنانەت پێش ئەو وادەیە تەواو دەبێت كە خەڵك بیری لێ دەكەنەوە.
گوتیشی: ئێمە لە هێرشەكان بۆ سەر ئێران پابەندین بە سێ ئامانجەوە، ئەوانیش بریتین لە نەهێشتنی مووشەک و بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران، هەروەها ڕەخساندنی زەمینە بۆ خۆپیشاندانی خەڵك و ڕووخاندنی ڕژێم.
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەپەیامەكەدا هەروەها رایگەیاند: فەرمانمان بە سوپا و هەواڵگری مۆساد كردووە فەرماندەكانی ئێران بەئامانج بگرن و لەناویان ببەن تەنانەت ئەگەر لەناو شەقام و لەناو خەڵكیشدا بن.
سەبارەت بە داخستنی گەرووی هورمزیش، ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوە دا كە "فەرمانڕەوا توندڕەوەكانی ئێران بەم كارە شەڕ بەهەموو جیهان دەفرۆشن، بەڵام دڵنیابن ئەم كارە سەر ناگرێت".
جەختیشی كردەوە كە ئیسرائیل لە رێگەی توانا هەواڵگری و بژاردەكانی دیكەیەوە بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەمریكا كار لەسەر كردنەوە گەرووری هورمز بەڕووی كەشتییە نەوتی و بازگانییەكان دەكات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.