Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 19:51

ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌ سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵلا سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا له‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌ سیاسییه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌ی ئابووری بۆ تێپه‌ڕاندنی ئاڵنگارییه‌ ئابوورییه‌كان له‌ عێراقدا و ڕۆڵی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌و پێناوه‌دا، راگه‌یه‌نراوێكی بۆ ڕای گشتی كوردستان و عێراق بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی ..

 

لە سایەی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی عێراق و ناوچەکە بەخۆیانەوە دەبینن، گرنگیی وەرگرتنی بڕیاری واقیعی و بەرپرسانە لەوەدا دەردەکەوێت کە بتوانێت شوێنەواری تەنگژە ئابوورییەکان سووک بکات و سەقامگیریی وڵات مسۆگەر بکات.

لەم چوارچێوەیەدا، بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگەدان بە تێپەڕبوونی نەوت بە خاکی هەرێمدا، هەنگاوێکی کردەییە کە گوزارشت لە درکپێکردنێکی باڵا دەکات بۆ قەبارەی تەحدا ومەترسییەکان و پەرۆشییەکی ڕوونە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی .

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا بە ڕۆحیەتێکی بەرپرسانەوە مامەڵەی کردووە، سەرەڕای ئەو فشارە ئابووری و بارودۆخە ئاڵۆزانەی کە هەرێم پێیدا تێدەپەڕێت و کاریگەرییان کردووەتە سەر چالاکییە بازرگانییەکان و جووڵەی بازاڕ. لەگەڵ ئەوەشدا،بژاردەی بەشداریکردنی لە دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ تەنگژەی ئێستای هەڵبژاردوە، بەو پێیەی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و سەقامگیریی ئابووریی عێراقی خستە پێشینەی کارەکانی، چونکە چاک دەزانێت سەقامگیریی ئەم کەرتە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دابینکردنی بژێویی هاووڵاتییان و ژیانی ڕۆژانەیانەوە هەیە.

هەروەها پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە ئەم هاوکارییە لە کاتێکدایە کە هێشتا تەحەدیی ئابووریی ڕاستەقینە لە ناوخۆی هەرێمدا هەن، کە بەهۆی ڕێکارە ڕێکخستنی و کارگێڕییە ئاڵۆزەکانەوە دروست بوون و ڕەنگدانەوەی نەرێنییان لەسەر جووڵەی بازرگانی و توانای بازاڕ بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان هەبووە.

لێرەوە، هەر هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی تەنگژەکە، دەبێت سووککردنی ئەم بارگرانییانە لەبەرچاو بگرێت بە شێوەیەک کە پاراستنی باری گوزەرانی هاووڵاتییان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیان مسۆگەر بکات.

ئەو گوتارە میدیایی و سیاسییانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا خرانە ڕوو، بەتایبەت ئەوانەی لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانەوە چ لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەن یان ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانەوە گوتران، لە ئاستی بەرپرسیارێتی و مەترسییەکانی ئەم قۆناغەدا نەبوون، چونکە ڕەهەندی تۆمەتبارکردن و گومانخستنە سەری  بەسەردا زاڵ بوو. هەندێک جار ئەم گوتارانە گوزارشتیان لە ڕق و کینە و  بەرامبەر بە گەلی کوردستان دەکرد، لەبری ئەوەی جەخت لەسەر چارەسەری واقیعی بکەنەوە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی لە سەر ژیانی خەڵک دروست ئەکات، لە سەرووی هەمووشیانەوە پاراستنی بژێویی هاووڵاتییان و سەقامگیریی بازاڕەکان.

لەو سۆنگەیەوە، پێمان وایە چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە پێویستی بە دوورکەوتنەوە لە موزایەدەی سیاسی و هەنگاونان بەرەو گفتوگۆیەکی جیدی و بەرپرسانە هەیە کە ڕەگی کێشەکان چارەسەر بکات. هەروەها، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە تەنگژەکانی ئێستای کەرتی نەوت دانەبڕاون لە نەبوونی پلانێکی ستراتیژیی درێژخایەن بۆ هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن، ئەوەش وایکردووە گۆڕانکارییە هەرێمییەکان زیاتر کاریگەرییان لەسەر ئابووری عێڕاق بێت.

هاوکات جەخت دەکەینەوە کە باشترین ڕێگە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، بەهێزکردنی هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە، لە چوارچێوەیەکی دەستووریی ڕووندا کە لەسەر بنەمای شەراکەت و تەواوکاری بێت، بە جۆرێک بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکان بەدی بهێنێت و سەقامگیریی سەرچاوەی داهات و گوزەرانیان مسۆگەر بکات.

لە کۆتاییدا، بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی وا دەخوازێت کە هەمووان بە ڕۆحیەتێکی یەکگرتوو کار بکەن و بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بخەنە پێش هەر بەرژەوەندییەکی دیکە، چونکە پاراستنی بژێویی هاووڵاتیی عێراقی و سەقامگیریی ئابووری، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و تەنها لە ڕێگەی هاوکاریی ڕاستەقینە و بڕیاری دانسقەوە بەدی دێت.

 

د.شاخەوان عبدالله

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دبموکراتی کوردستان

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.