وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لیستێکی نوێی ئەو وڵاتانەی بڵاوکردەوە کە پێویستە هاووڵاتییانیان لە کاتی داواکردنی ڤیزای گەشتیاری یان بازرگانی، بڕە پارەیەک وەک بارمتە (بۆند) دابنێن کە دەگاتە 15,000 دۆلار.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ناوی 12 وڵاتی دیکەی بۆ لیستەکە زیاد کردووە، کە بریتین لە: کەمبۆدیا، ئەسیوپیا، جۆرجیا، گرینادا، لیسۆتۆ، مۆریس، مەنگۆلیا، مۆزەمبیق، نیکاراگوا، پاپوا گینێی نوێ، سیشێل و تونس.
بەپێی بڕیارەکە کە لە 2ـی نیسانی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو کەسانەی پاسپۆرتی ئەو وڵاتانەیان هەیە و داوای ڤیزای (B1) یان (B2) دەکەن، پێویستە بڕی 5,000 یان 10,000 یان 15,000 دۆلار وەک بارمتە بدەن.
لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو بڕە پارەیە دەگەڕێنرێتەوە بۆ خاوەنەکەی ئەگەر داواکاریی ڤیزاکەی ڕەت بکرێتەوە، یان لە حاڵەتی وەرگرتنی ڤیزاکەدا، ئەگەر گەشتیارەکە پابەندی مەرجەکان بێت و لە کاتی دیاریکراودا بگەڕێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.