دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند، سێ کەسیان لەسێدارە داوە کە تۆمەتبار بوون بە کوشتنی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و کارکردن بۆ بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئیسرائیل.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ماڵپەڕی "میزان ئۆنلاین"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدان بەسەر سێ کەسدا جێبەجێ کرا کە لە کاتی خۆپێشاندان و ئاژاوەکانی مانگی یەکی ئەمساڵدا، تۆمەتبار بوون بە ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی بۆ بەرژەوەندی "ڕژێمی زایۆنیستی" و ئەمریکا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دەسەڵاتی دادوەری، ئەو سێ کەسە بە تۆمەتی "موهارەبە" (دژایەتیکردنی خودا) سزادراون و تۆمەتی ئەوەیان پاڵدراوەتە پاڵ کە خزمەتیان بە ئەجێنداکانی ئیسرائیل و ئەمریکا کردووە. پرۆسەی لەسێدارەدانەکەش لە شاری "قوم" لە ڕێگەی هەڵواسینەوە بەڕێوەچووە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئاژانسی "ڕۆیتەرز" ئاماژەی بەوە کردووە، دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن ئەو سێ کەسە لە 8ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، بە بەکارهێنانی چەقۆ و چەک هێرشیان کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان و لە ئەنجامدا دوو کارمەندی پۆلیسیان کوشتووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.